کۆتا قۆناغی سەرژمێری دەستی پێکرد

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 91

راچڵەکین-

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆتا قۆناغی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێم و عێراق دەستی پێکرد و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت، کەسێکیان لە ماڵەوە بمێنێتەوە و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.

ئەم قۆناغەی سەرژمێری کە بە قۆناغی ٧٧ پرسیارەکە ناسراوە، لە رۆژی ٣٠ـی تشرینی دووەم دەستیپێکردووە و ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، لەم قۆناغەدا بژمێرەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن و ئەو ٧٧ پرسیارە لە هاوڵاتیان دەکەن.

لەوبارەیەشەوە، عەبدولزوهرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە راچڵەکین نیوزی راگەیاند، بژمێرەکان بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆرمی پرسیارنامەی خێزانەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن و پڕۆسەکەش تاوەکو ١٥ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوامی دەبێت.

بەپێی پیویستی قۆناغەکە، وەزارەتی پلاندانان داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لە هەر خێزانێک ئەندامێکیان لە ماڵەکەدا بمێنێتەوە، هاوکات، لیژنەی سەرپەرشتی سەرژمێری گشتی بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاندووە، داوا لەو خێزانانە دەکەن کە لە ناوچەکانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانن، ئەندامێکی خێزانەکەیان بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی تاوەکوو بتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.

پرۆسەی سەرژمێری لە سێ قۆناغ پێکهاتووە، قۆناغی یەکەمی بە قۆناغی گەمارۆدان ناسرابوو، دواتر لە رۆژی ٢٠ـی تشرینی دووەم تاوەکو رۆژی ٢٢ـی تشرینی ئەمساڵ دەست بە قۆناغی دووەمی سەرژمێری کرا کە بەهۆیەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ راگەیانرا و تا ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامی هەیە، لە ئێستاشدا قۆناغی کۆتایی سەرژمێری بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە ئەم قۆناغە تاوەکو ١٥ی مانگی ١٢ بخایەنێت و بژمێرەکان بۆماوەیەکی درێژتر لە ماڵەکاندا دەمێننەوە و ٧٧ پرسیاری تایبەتیان لێدەکەن، وەک کار و پیشە، شوێنی نیشتەجێبوون، داهات، دۆخی ژیان، تەندروستی و نەخۆشی، ئەگەر نەخۆشی هەبوو مێژووی نەخۆشییەکە خێزانییە یان نا، هەبوونی ئۆتۆمبێل و ئامێرە کارەباییە پێویستییەکانی ناوماڵ، هەروەها چەندین پرسیاری دیکە.

هـ.شـ

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن