رۆژی رەشی فرۆکەوانانی جیهان

جیهان

29/12/2024     ژمارەی بینراو 375

راچڵيکین-

میدیاکانی روسیا ئەمرۆیان وەک رۆژی رەشی فڕۆکەوانان ناساند کە تیایدا  سێ رووداوی فڕۆكە لە كۆریای باشورو نەرویژ و كەنەدا روویاندا و دیارترینیان رووداوەکەی کۆریابوو کە لە رووداوەکەدا  174 كەس گیانیان لەدەستدا.دەشڵیت،" كێشەی كرانەوەی تایەی فڕۆكەكان لەكاتی نیشتنەوەدا هۆكاری سەرەكی رووداوەكان بوون". 

رۆژنامەیەکی روسی بڵاویکردەوە، بەهۆی تێكشكانی فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگریی سەربە كۆمپانیای (جيجو ئێر)وە لە كۆریای باشور،174 كەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، فڕۆكەكە 181 كەسی هەڵگرتبوو، لەنێویاندا (6) كەسیان لە تیمی فڕۆكە بوون، تەنیا دوو كەس لە تیمی فڕۆكەكە لە مردن رزگاریان بووە.

هاوکات بەگوێرەی بەرپرسی تیمی فریاگوزاری و بەڕیوەبەری بەرگری شارستانی کۆریای باشور، فڕۆکەکە  لەكاتی نیشتنەوەدا، تایەكانی پێشەوەی نەكراونەتەوە، بەوهۆیەوە كۆنترۆڵی لەدەستداوە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە. دەشڵێت، " فڕۆكەكە لە جۆرین "بۆینگ 737-800"ەو تەمەنی 15 ساڵە، لە بانكۆكەوە گەڕاوەتەوە لە كاتژمێر 9:3 خولەكی بەیانی بە کاتی ئەو وڵاتە رووداوەكە بووە". 

ئەوەی ئەمڕۆ روویدا بە خراپترین كارەساتی فڕۆكەوانی لە مێژووی كۆریای باشور دادەنرێت لە دوای رووداوەكەی ساڵی 1997ـوە لە ناوچەی گوام كە بووە هۆی مردنی 228 كەس، رووداوەكە لەكاتێكدا روویدا چەند هەفتەیەكە كۆریای باشور لەناو تەنگژەیەكی خنكێنەری سیاسیدا دەژی و لەماوەی یەك مانگدا پەرلەمان ئەو وڵاتە دوو سەرۆكی لەكارخستووە.

29-12-2024 رۆژێكی رەش بوو بۆ فڕۆكەوانیی لە جیهاندا، لەدوای روداوەكەی كۆریای باشور، فڕۆكەیەكی جۆری "بۆینگ 737-800"ی سەربە هێڵی فڕۆكەوانی شاهانەی هۆڵەندا دوای نیشتنەوەی لە فڕۆكەخانەی (ئۆسلۆ تۆرپ ساندفیورد) لە باشوری پایتەختی نەرویژ، لەرێڕەوی خۆی دەرچوو، بەڵام تا ئێستا هیچ راپۆرتێک لەبارەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی سەرنشینەکان بڵاونەکراوەتەوە. 

فڕۆكەخانەی "هالیفاكس"ی نێودەوڵەتی لە ناوچەی (نۆڤا سكوتیا)ی كەنەدا رووداوێكی نیشتنەوەی ناچاریی فڕۆكەی بەخۆوە بینیوە، کە لەم فڕۆكەخانەیە، فڕۆكەیەكی سەربە هێڵی فڕۆكەوانی كەنەدا، لەكاتی نیشتنەوەدا كێشەی كرانەوەی تایەكانیدا بۆ دروستبوو، بەهۆیەوە لەرێڕەوی خۆی دەرچوو، ئاگری گرت، بەڵام هیچ زیانێكی گیانیی بەدواوە نەبوو.

پێشترییش لە رۆژی چوار شەممەی رابردوو لە نزیك شاری ئەكتاو لە خۆرئاوای كازاخستان، فڕۆكەیەكی مەدەنی ئازەربیجان تێكشكا، كە لە گەشتێكدا بوو لە باكۆوە بەرەو گرۆزنی روسیا، 67 كەس لەناو فڕۆكەكەدا بوون، لە رووداوەكەدا 38 كەس گیانیان لەدەستدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن