راچڵەکین-
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری گشتی عێراق لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای پشووی سەری ساڵ پاداشتی دارایی بژمێرەکان دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە،مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە نزیکەی هەفتەیەکە شاندی وەزارەتی پلاندانان لە بەغداوە گەڕاونەتەوە و وردبینی لە لیستی پاداشتی بژمێرەکان تەواوبووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە.
هاوکات ئەو بەڕێوەبەرەی جێبەجێکاری سەرژمێری ئاماژەی بەوەش کرد، وردبینیی لیست تەنیا پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نەبووە، بەڵکو لە بەسرە تاوەکو ئەنبار لیست بۆ وردبینی برابووە بەغدا، چونکە نزیکەی 150 هەزار کەس لە هەموو عێراق پاداشتی دارایی پرۆسەی سەرژمێری وەردەگرن ئەوەش وایکردووە کە وردبینی لە لیستەکاندا بکرێت.
مەحموود عوسمان باسی لەوەش کرد، لە بەغدا بە شاندی هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە کە لیستەکە هیچ کێشەیەکی نییە و پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری هەرێم.وتیشی، " بەغدا بەڵێنیان دا کە لە دوای رۆژی 25ـی ئەم مانگەوە پارەکە بخەنە سەر هەژمارەکە، بەڵام بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە دوادەکەوێت بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو".
پێشتریش ئەو بەڕیوەبەرە جەختی لەوە کردبەوە کە زیاتر لە 20 هەزار کەس پاداشتی دارایی وەردەگرن کە بۆ هەر مانگێک 250 هەزار دینارە.
مانگی رابردوو سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و پرۆسەکە تاوەکو رۆژی 14-12 بەردەوام بوو.