ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی پاریس سان جێرمان هەڕەشەی سزای ئەوروپیی لەسەرە بەهۆی کیلیان مباپێ، ئەستێرەی پێشووی تیپەکە و ئێستای ڕیال مەدرید.
پرۆسەی جیابوونەوەی مباپێ و پاریس لە هاوینی ڕابردووەوە لە یانەکەی بە ئاسانی بەڕێوەنەچووە دوای ئەوەی 7 ساڵی لە “پارکی شازادە” بەسەر برد.
مباپێ داوای 55 ملیۆن یۆرۆ دەکات وەک مووچە و پاداشت کە پێینەدراوە، کە ئەو بڕە پارەیەی لیژنەی یاسایی خولی فەرەنسا فەرمانی بە یانە پاریسییەکە کردووە.
ڕەتکردنەوەی پاریس لە پێدانی ئەو بڕە پارەیە لە ماوەی 3 مانگدا لە چوارچێوەی ناکۆکی نێوان هەردوولادا بووە، یانەکەش بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕێککەوتنێکی زارەکی نەنووسراو لە نێوان خۆی و کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسادا هەیە کە مەرجی ئەوەی هەیە پاریس سان جێرمان لە ئەگەری ڕۆشتنی بەخۆڕایی زیانی دارایی لە ئەستۆ ناگرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، مباپێ لە ناکۆکی بەردەوامی لەگەڵ یانەکەی پێشوویدا گورزی یەکلاکەرەوەی لە پاریس داوە و ڕەنگە بەهۆی نەدانی مووچە و پاداشتەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ڕووبەڕووی سزا ببنەوە.
لیژنەی یاسایی خولی فەرەنسا فەرمانی بە یانەی پاریس سانجێرمان کرد کە مووچە و پاداشتە نەدراوەکان بدات، بەڵام یانەکە ئامادە نەبوو جێبەجێی بکات.
فیدراسیۆنی فەڕەنسا بڕیارێکی هاوشێوەی لە بەرژەوەندی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەرکرد. بەڵام یانەکە جارێکی تر تانەیان دا و داوای کرد کە دۆسیەکە بپشکنرێتەوە، بەڵام ئەم داواکارییە دیسان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە ڕەتکرایەوە.
پاریس پەنای بۆ دادگای یاسایی لە پاریس برد و بەمجۆرە تا ئێستا بڕیارەکانی هەردوو لیگ و فیدراسیۆنی فەرەنسا جێبەجێ نەکراون.
لەلایەکی دیکەوە، دەوروبەرەکەی مباپێ پەنایان بردە بەر دەستەیەکی باڵای تانەدان لەناو یەکێتی تۆپی پێی فەرەنسا بۆ ئەوەی یانەکە ناچاربکەن بڕیارەکە جێبەجێ بکات.
تا 15 ئەم مانگە، پاریس ناچار دەبێت بۆ یەکێتی ئەوروپا بیسەلمێنێت کە هیچ پارەیەک قەرزاری کارمەندەکانی نییە.
پارس لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی لیکیپ وتی: ئێمە زانیارییە پێویستەکان دەدەینە یوفا، وەک چۆن هەر سێ مانگ جارێک دەیکەین، پێش 15ی 1، وەک هەموو یانەکان.
ڕۆژنامەکە دووپاتی کردەوە کە لە بارودۆخی ئاساییدا، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا سزا بەسەر ئەو یانانەدا دەسەپێنێت کە دواکەوتوون لە پێدانی مووچەی یاریزانان، بەڵام ئەم بابەتە بە هەستیارییەوە دەمێنێتەوە، بەتایبەتی کە ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکەش پۆستی سەرۆکی یەکێتی یانەکانی ئەوروپای بەدەستەوەیە.