راچڵەكین -
فەرماندەیەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دڵنیایی بە وەزیری پێشمەرگە دەدات كە هاوكارییە دارایی و سەربازییەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، راشیدەگەیەنێت: پاڵپشتتان دەبین لەهەوڵەكانتان بۆ كردنی پێشمەرگە بە هێزێكی نیشتمانی.
ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژكارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عیراق و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان باسیان لە دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەكان كرد، بە تایبەت مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شانە نوستووەكانی داعش لە عیراق و ناوچەكەدا.
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:” چاكسازی و پرۆسەی یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامەو هەموو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەكاندا جێگیر دەبن، بەمەش قۆناغێكی نوێی هێزێكی یەكگرتووی نیشتمانی دێتە ئاراوە”.
لەبارەی بنیاتنانی دوو ناوچەیی سەركردایەتیی، شۆڕش ئیسماعیل وتی:" هەوڵەكانمان بەردەوامن و دەمانەوێت بەم نزیكانە هەردوو ناوچەی سەركردایەتی دەستبەكاربن و فیرقەكانیش لە چوارچێوەی ناوچە سەربازییەكاندا جێگیر بكرێن".
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، جەنەڕال هام، وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاكردەوە كە هاوكارییە دارایی و سەربازییەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت، راشیگەیاند: ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاكسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێكی نیشتمانی لە ناوچەكەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتتان دەبین.