پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە کۆدەبێتەوە

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 183

راچڵەکین-

ئەمڕۆ دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه‌ و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بڕیارە بەڕێوەبچێت. 

 نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، بریاره‌ كاتژمێر 1ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان به‌رێوه‌بچێت.

هاوکات  هەفتەی رابردوو، له‌ كۆبوونەوەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییه‌كان لێكتێگەیشتن كرا بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە و لەو بارەیەشەوە ڤیان سەبڕی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دوای كۆبوونەوەكە بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی داوای لە سەرجەم فڕاكسیۆنەكان كرد لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان دەنگ بە هەمواری پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕالی بدەن و تێپەڕێندرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، لێكتێگەیشتنەكە لەسەر ئەوە كراوە كە پڕۆژەیاسای بودجە وەك خۆی كە چۆن لە حكوومەتەوە هاتووە، تێپەڕێندرێت كە تێیدا بڕیار لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دراوە.

پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەی  فیدڕالی یەكێكە لەو پڕۆژە یاسایانەی ماوەیەكە لەنێوان فڕاكسیۆنەكان كێشەی لەسەرە و پێشتریش لە چەند دانیشتنێكی پەرلەماندا بەهۆی ناكۆكییەكان نەتوانرابوو دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێندرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن