عیراق و بریتش پترۆلیۆم گرێبەستی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی كەركوك واژۆ دەكەن

عێراق

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 198

راچڵەكین -

بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، عیراق و كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم-ی بەریتانی گرێبەستێك بۆ پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی سنووری كەركوك واژۆ دەكەن. 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، كۆمپانیای نەوتی باكوور گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم (BP) واژۆكرد بەمەبەستی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی لەسنووری كەركوك لەلایەن كۆمپانیا بەریتانییەكە.

رێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستەكە لەشاری بەغدا و بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوزیرانی عیراق ئەنجامدرا، ئەمەش لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنە دێت كە لەمیانی سەردانەكەی ئەمدواییەی سودانی بۆ لەندەن، لەگەڵ كییەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا واژۆی كرد.

گرێبەستەكەی نێوان كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم، پەرەپێدانی هەرچوار كێڵگەی نەوتی بای حەسەن، بابا گوڕگوڕ، خەبازەو جەمبور لەخۆدەگرێت، هەروەها پەرەپێدان و فراوانكردنی دامەزراوەكانی غەز لە كۆمپانیای غازی باكوور و دامەزراندنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە توانای 400 مێگاوات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن