بەم شێوەیە دوشگرتن کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێست دەبێت

تەندروستی

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 197

راچڵەکین-
لە وەرزی زستاندا هەوای سارد و گەرمی ناو ماڵ دوو هۆکاری سەرەکین کە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی پێست و خورانی، لە کاتێکدا رەنگە هەندێک کەس پێیانوابێ کە سابوون و شامپۆ چارەسەرە، بەڵام زۆرێک لەم بەرهەمانە لە راستیدا دەتوانن دۆخەکە خراپتر بکەن.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمز، پێست رووپۆشێکی تەنک لە بەکتریا لەخۆدەگرێت کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بە تەندروستیی بمێنێتەوە و پاڵپشتی سیستەمی بەرگری جەستە دەکات، بەڵام بەکارهێنانی زۆری سابون و شامپۆ ئەم هاوسەنگییە تێکدەدات و دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست و خورانی پێست، هەروەها رەنگە ببێتە هۆی ئەکزیما و هەوکردنی پێست.

جەیمس هامبلین، مامۆستای سیاسەتی تەندروستی لە زانکۆی یێڵ دەڵێت، هەستی بە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی کردووە کاتێک سابوونی کەمکردووەتەوە، لە کتێبەکەیدا بەناوی پاککردنەوە: زانستی نوێی پێست، ئاماژە بەوە دەکات کە کەمکردنەوەی سابوون بەو مانایە هاتووە کە پێویستی بە بەرهەمی کەمتر بووە و تەندروستی پێستی بە شێوەیەکی بەرچاویش باشتر کردووە.

ئاماژە بەوە دەکات، ئەم دیاردەی پاککرنەوەی جەستەیە لەرێی ئەو بەرهەمانەوە رەنگە بەشێک بێت لە ستراتیژییەکی گەورە بۆ فرۆشتنی بەرهەمی پاککەرەوە کە قازانجێکی زۆریان هەیە، لە بەریتانیا پێشبینی دەکرێت داهاتی پیشەسازی سابوون تا ساڵی ٢٠٢٨ بگاتە ٧٢٣ ملیۆن پاوەند.

پرۆفیسۆر کارستن فلۆری پزیشکی راوێژکاری پێست لە لەندەن روونیکردەوە کە خۆشۆردن زۆر پێویستە بۆ لابردنی خانە مردووەکانی پێست و بۆنەکان، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە پێکهاتە توندەکانی ناو هەندێک بەرهەم وەکو سۆدیۆم لۆریل سەلفات زیان بە بەربەستی پارێزەری پێست دەگەیەنن.

فلۆرا ئاماژەی بەوەشکرد، چاودێریکردنی پێست پێویستی بە هاوسەنگییەکی ناسک هەیە لە بەکارهێنانی وردی بەرهەمە گونجاوەکان، لە هەمان کاتدا سنووردارکردنی بەرکەوتنی زۆر بە ماددە کیمیاییە توندەکان.

بۆیە شارەزایان رێنماییمان دەکەن بەدوای ئەو بەرهەمانەدا بگەڕێن کە پێکهاتەی نەرمیان تێدایە وەک گلیسیرین و یوریا کە یارمەتی پاراستنی شێی پێست دەدەن، هەروەها باشتر وایە کە شۆردنی جەستە بەکاربهێنرێت کە رێژەیەکی کەمی پێکهاتە چالاکەکانی تێدایە کە رەنگە ببێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست، خۆشۆردن دەتوانرێت سنووردار بکرێت بۆ دوو یان سێ جار لە هەفتەیەکدا بۆ ئەوەی پێستێکی تەندروست بپارێزێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن