راچڵەکین-
بەڕێوبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، پڕۆژەی
رووناکی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و شەوی رابردوو کارەبای بەردەوام بۆ نزیکەی نۆ
هەزار هاوبەش دابینکراوە.
ئەمڕۆ هەینی بەڕێوبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی
رایگەیاند، "شەوی رابردوو لە هەردوو وێستگەی ناوەندی شار و مەڵکەندی، یەکەمین
قۆناغی پرۆژەی رووناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری چووە بواری جێبەجێکردنەوە".
بەڕێوبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەم قۆناغەدا
نزیکەی (٩) هەزار هاوبەشی ماڵان و بازرگانی لەسەر (٨) فیدەر کارەبای بەردەوامیان بۆ
دابینکراوە، کە دەکەونە گەڕەکەکانی سەرکارێز، توی مەلیک، سابونکەران، مەڵکەندی، ئیبراهیم
پاشا، دارۆغا، حاجی حان، شەقامی ئۆرزدی و ئەسحابەسی و شەقامی کاوە".
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "پرۆژەی رووناکی
لە سليمانی بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغەکانی دیکەی لە گەڕەکەکانی
دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".