راچڵەكین-
دادگای كارگێڕیی عیراق، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەحمەد حاسوود، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای لەپۆستەكەی راگرت، تا ئەو كاتەی دۆسێەكەی لە دادگا یەكلادەبێتەوە.
دادگاكە لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ یەكشەممە 9-3-2025 بڕیارماندا بە راگرتنی بڕیاری لەكارلابردنی ئەحمەد یونس حاسودی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەپۆستەكەی.
وەك لەبڕیارەكەدا هاتووە، فەرمانێكی سالاری دەركراوە بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 72 كە لە 5/3/2025 دەرچوبوو، كە تێیدا ئاماژە بە بڕیاری لەكارلابردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كراوە.
رۆژی 5ـی ئاداری 2025، بەبێ ئامادەبوونی ئەحمەد حاسوود، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگیان لەسەر لادانی دا لە پۆستەكەی. ئەویش لە دادگەی كارگێڕی سكاڵای تۆماركرد.
ئەحمەد حاسوود، ئەندامی هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنییە، كە فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی سەرۆكایەتی دەكات.