وەزارەتی دارایی وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 2 ئاشكرا دەكات

کوردستان

7 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 247

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت سبەینێ پێنجشەممە 13-3-2025 دەستدەكەن بەدابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم. هاوكات وادەی رەوانەكردنی لیستی مووچەی مانگی ئاداریش بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ( ١٢ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دوای دوو هەفتە لە كۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردن و وەڵامدانەوە و پێدانی ڕوونكردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواكارییە نوێیانەی كە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە هاتبووە ئاراوە، بڕی ( ٩٥٧،٩٢٥،٨٨٠،٠٧٨ ) دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق، ئەوەش ئەو بڕە تەموویلە بوو كە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواكرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێك خەرج كرا، تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان سوپاسی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ دەكات كە بەدرێژایی ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هاوكار و هەماهەنگ بوون و وەك یەك تیم كاریان كردووە بۆ تەواوكردنی سەرجەم ڕێكارەكانی وردبینی لە لیستی مووچە و ناردنی تەموویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.    
    
ئەوەش روونكراوەتەوە،  بەپێی گشتاندن و ڕێنمایی لەدوای (١٠ ) ی هەموو مانگێك ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەكرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەكرێت بەمەبەستی دیاریكردنی پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لەنزیكترین كاتدا.    
 
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سبەی پێنج شەممە ( ١٣ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت و لە چەند ڕۆژێكدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەكرێت. 
 
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەكان و سەرۆكایەتیەكان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لەهەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بكرێت.                               



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن