ئەنجوومەنی وەزیران: نەوتی هەرێم لەرێی سۆمۆوە بفرۆشرێت

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 181

راچڵەكین-

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیران، وەزارەت و دامەزراوەكانی ڕاسپارد هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاداری 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئامادەكردنی خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئەویش دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕی 958 ملیار دینار وەك مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، بڕیاریش درا هەر لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی بكرێت، لە هەمانكاتدا سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانیش ڕاسپێردران هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ بنێردرێت، بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی ئادار پێش پشووەكانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، دوا پێشهاتەكانی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان خستەڕوو.

لەم بارەوە وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، تیشكی خستە سەر ئەنجامی گفتوگۆ و هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشناییی بڕگەكانی یاسای بودجەی فیدراڵ.

وەك لەبەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەپێناو زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و كاركردنی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ چارەسەركردنی گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەكە و تەواوكردنی پێداویستی و ڕێكارەكانی هەناردەكردن، لە هەمانكاتدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حكومەتی هەرێم كردەوە بۆ جێبەجێكردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەكردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەمەش لە دوای تەواوكردنی ڕێكار و پێداویستییەكانی پرۆسەكە كە ئێستا هەر دوو وەزارەت و كۆمپانیا نەوتییەكان بە هاوبەشی كاری لەسەر دەكەن.

 وەك فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە، بڕگەی دووەمی كارنامەی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی دوو پێشنیار كە لەلایەن كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی خرایەڕوو، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستیی تایبەت كە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتبووە. هەروەها لێخۆشبوون لە قیستەكانی ماوە بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووك لە ساڵانی پێشوو كە بۆ پڕۆژەی مامناوەمد ئەو قەرزانەیان وەرگرتبوو، بەڵام ئەو سوودمەندانە كۆچی دواییان كردووە.

"ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ هەردوو پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پەسەند كرد، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕاسپێردران بە دەركردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە."

لە بڕگەی كۆتاییدا، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دیاریكردنی ڕۆژەكانی پشوو و بۆنە فەرمییەكان لە ڕۆژمێری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەلایەن جووتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە ڕێكاریی یاسایی و تەشریعیی پێویست لەم بارەوە بگرنەبەر.                          

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن