ئیسرائیل هاوكاری مرۆیی رەوانەی سوریا دەكات

جیهان

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 170

راچڵەكین -

حكومەتی ئیسرائیل وەك هاوكارییەك بۆ دروزەكانی سوریا، بڕیاریدا بڕێكی زۆر كۆمەكی مرۆیی رەوانەی ئەو وڵاتە بكات.

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، لەسەر بڕیاری جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەدان بارهەڵگر رەوانەی باشووری سوریا كرا، كە بڕێكی زۆر خۆراك و هاوكاری مرۆیی لەخۆگرتووەو بەسەر دروزەكانی ئەو وڵاتە دابەشدەكرێت.

هاوكارییەكان پێكدێن لە 10 هەزار گوژمەی خۆراك، كە بەهەماهەنگی لەگەڵ شێخ موەفەق تەڕیف، سەرۆكی رۆحیی دروزەكانی سوریا، بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكانی ئەو تائیفەیە لە شارۆچكەكانی چیای دروز و پارێزگای سویدا دابەشدەكرێت.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، هاوپەیمانییەكی پتەو و بەهێزمان لەگەڵ كۆمەڵگەی دروز هەیە، حكومەتی تەلئەڤیڤ-یش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە هاوكاری و یارمەتییەكان بۆ دروزەكانی سوریا.

لەدوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و هاتنەسەر حوكمی دەستەی تەحریری شام، سوپای ئیسرائیل چەندین ناوچەی لە باشووری ئەو وڵاتە كۆنترۆڵكردووە و لەهەندێ شوێنیش بنكەی سەربازیی دروستكردووە، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش رایانگەیاندبوو كە ناوچە دروز نشینەكان دەپارێزن و رێگە بەهاتنی هێزی چەكداری سوریا بۆ ئەو ناوچانە نادەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن