راچڵەكین-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل كراوەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی عێراق كە لە توركیا گیریان خواردووە.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند:" بەمەبەستی كارئاسانییكردن بۆ هێنانەوەی خەڵكی نەینەوا كە لە توركیا گیریانخواردووە قسەی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردووە و سامی جەلال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پێیڕاگەیاندووە، لەمەودوا هەفتانە دوو رۆژ دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل كراوە دەبێت."
وتیشی:" دەروازەكە لە كاتكۆ 08:00ـی بەیانیی رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە تاوەكو 12:00ـی شەو كراوە دەبێت. وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەكرد:" سامی جەلال پێیڕاگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەروازە سنوورییەكە رێكارە پێویستییەكانی تایبەت بە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەگرێتەبەر و دواتر ئەو كەسانەی خەڵكی ناوچەكانی دیكەی عێراقن تاوەكو سنووری نەینەوا دەگوازێتەوە."
شیروان دووبەردانی كە خۆی پەرلەمانتاری نەینەوایە ئەوەشی وت: "هاووڵاتییە گەڕاوەكان كە خەڵكی نەینەوان ئەگەر پێویست بكات كەرەنتین دەكرێن و خەڵكی پارێزگاكانی دیكەش رەوانەی شوێنەكانی خۆیان دەكەینەوە".
لە چوارچێوەی رێكارەكان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەروازەكانی داخستووە، لە كۆتا راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا هاتووە، تاوەكو 10ـی ئایار دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان بە داخراوی دەمێننەوە.