كەركوك.. لە ئۆپەراسیۆنێكدا ژمارەیەك تیرۆریست دەستگیر كران

کوردستان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 199

راچڵەكین -

هێزەكانی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە سنووری پارێزگای كەركوك، ژمارەیەك تیرۆریست دەستگیر دەكەن و دەستبەسەر ژمارەیەك پارچە چەك و تەقەمەنیشدا دەگرن.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاڵپشت بە بەدواداچوون و زانیاریی هەواڵگری ورد، هێزەكانیان بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لە سنوری پارێزگای كەركوك ئەنجامدا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەكە توانرا ژمارەیەك تیرۆریست و تۆمەتبار دەستگیر بكرێن كە پێشینەیان لەناو رێكخراوی تیرۆریستی داعش دا هەبووە و لە ئێستاشدا بەشێك بوون لە شانە ناچالاكەكانی ڕێكخراوەكە و كاری گواستنەوەی كەرەستە و پێداویستی لۆجستییان كردووە بۆ پاشماوە چەكدارەكانی ئەو ڕێكخراوە.

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا جگە لە دەستگیركردنی ئەو ژمارە تیرۆرستە، توانرا دەستبەسەر ژمارەیەك پارچە چەك و تەقەمەنیشدا بگیرێت، هەروەها دەستبەسەر ژمارەیەك مۆبایل و سیم كارت دا گیرا، كە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەك تیرۆریستی دیكە بەكارهاتبوو.

دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، دەستبەجێ تیرۆرستە دەستگیركراوەكان رادەستی یاسا كران بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری پێویست و یاسایی بۆ سزادانیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن