ئیسرائیل ئامادەكاریی بۆ هێرشێكی فراوان بۆسەر یەمەن دەكات

جیهان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 282

راچڵەكین -

سوپای ئیسرائیل ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەو فراوان بۆسەر بەندەرەكانی یەمەن دەكات، داواش لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەكات بەزووترین كات لەناوچەكانی نزیك بەندەرەكان دووربكەونەوە بۆئەوەی نەبنە ئامانجی هێرش و بۆردومانەكانیان.

ئەمشەو، ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل، پەیامێكی بەپەلەی ئاڕاستەی هاووڵاتیانی یەمەن كرد و داوای لێكردن بەزووترین لە ناوچەكانی نزیك لە هەرسێ بەندەری راس عیسا و حودەیدە و سڵێف دووربكەونەوە.

ئەدروعی رایگەیاندووە، حوسییەكانی یەمەن ئەو سێ بەندەرەی كە دەكەوێتە كەناراوەكانی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بۆ كردەوە تیرۆریستییەكانی خۆیان بەكاردەهێنن، هەربۆیە دەبنە ئامانجی هێزەكانی سوپای ئیسرائیل.

پەیامەكەی وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل وەك پلانێكی پێشوەختە دێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەی ئاسمانی بۆسەر بەندەرەكانی یەمەن، كە لەماوەكانی رابردوودا لەگەڵ سوپای ئەمریكا چەندین هێرشی هاوشێوەیان بۆسەر ئەو وڵاتە ئەنجامداوەو جگە لە زیانێكی زۆری دارایی كە بەر ژێرخانی ئەو بەندەرانە گەیشت، سەدان كەسیش كوژران و بریندار بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن