نێچیرڤان بارزانی لەسەر بڕیارەكەی پە.كە.كە دێتەدەنگ

کوردستان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 292

راچڵەكین -

سەرۆكی هەرێم كوردستان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەو كۆتایی هێنان بە خەباتی چەكداری لەلایەن پارتی كرێكارنی كوردستانەوە بە هەنگاوێكی چارەنووسساز و نیشانەی پێگەیشتنی سیاسی وەسفدەكات، راشیدەگەیەنێت: رێگە بۆ دیالۆگێكی ڕاستەقینە دەكاتەوە كە پێكەوەژیان و سەقامگیری لە توركیا و سەرتاسەری ناوچەكە بەهێز دەكات.

نێچیرڤان بارزانی، لە پەیامێكدا رایگەیاند: پێشوازی لە بڕیاری پەكەكە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانان و بەپیرەوەچوونی بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان دەكەین و بە هەنگاوێكی چارەنووسسازی دەزانین كە لاپەڕەیەكی نوێ لە ناوچەكەدا دەكاتەوە. ئەم هەنگاوە نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە و ڕێگە بۆ دیالۆگێكی ڕاستەقینە دەكاتەوە كە پێكەوەژیان و سەقامگیری لە توركیا و سەرتاسەری ناوچەكە بەهێز دەكات.

سەرۆكی هەرێم راشیگەیاندووە، ئێستا كاتی ئەوەیە و هەمووان چاویان لەوەیە ئەم هەنگاوە گرنگە بە هەنگاوی دیكەی ئەرێنی و پێویست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە وەڵام بدرێتەوە. ئەمە زەمینەیەكی دروست و گونجاو دەهێنێتە ئاراوە و دەبێتە بنەمای ئاشتییەكی هەمیشەیی و گشتگیر كە كۆتایی بە دەیان ساڵ لە توندوتیژی و ئازار و مەینەتی دەهێنێت و ناوچەكە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشكەوتن دەبات.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای ستایش و پێزانینی بۆ ڕۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا لە پشتگیریكردن و هەوڵەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، دووپاتیشی كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە پشتگیریی هەموو هەوڵێك‌ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە دەكات، هیواشی خواستووە ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێكی یەكلاكەرەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان روونیشیكردووەتەوە، "ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ بەردەوامی لە پێشكەشكردنی هەر جۆرە یارمەتی و هاوكارییەك بۆ سەركەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویییە".

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئایاری 2025، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامی 12یەمین كۆنگرەی خۆی بڵاوكردەوەو تێیدا بڕیاری كۆتایی دەركرد لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن