راچڵەكین-
سەرۆكی ئەمریكا، سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ هەریەك لە سعودیە، ئیمارات و قەتەڕ بە " مێژوویی" ناوەدەبات.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گفتوگۆ چاوەڕوانكراوەكەی ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكی رووسیاو ڤۆلۆدیمێر زیلینسیكی، سەرۆكی ئۆكراینا لەتوركیا، كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە بەرێوەبچێت ووتی:" كۆبوونەوەیەكی گرنگەو كۆتایی بە خوێنڕشتن دەهێنێت، بیر لەوە دەكەمەوە منیش بچم بۆ توركیا بۆ بەشداریكردن لەو گفتوگۆیانە."
لەبارەی دۆسێی چین-ەوەن ترەمپ ووتی، پەكین رازی بووە دەرگای بازاڕەكانی بەڕووی ئەمریكادا بكاتەوەو سەرجەم ئاستەنگەكان لاببات. وتیشی، كۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ سەرۆكی چین قسە دەكات.
لەبارەی شەڕوپێكادانەكانی ئەم دواییەی نێوان هندستان و پاكستان، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەكرد:" ئەگەر بێتو جەنگی ئەتۆمی لەنێوان هندستان و پاكستان رووبدات، ملیۆنان كەس دەمرن، خۆشحاڵم بەگەیشتنیان بەئاگربەست."
لەبارەی حوسییەكانی یەمەن ووتی:" دوای هەڵمەتێكی سەربازی چڕی هێزەكانمان، حوسییەكان پێیان راگەیاندویین كە هێرشەكانیان بۆسەر كەشتییەكانمان رادەگرن، ئەوەش جێی خۆشحاڵییە."
لەبارەی ئێران، سەرۆكی ئەمریكا ووتی، ئێران ژیرانە مامەڵە دەكات:" هیچ كات بوار نادرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی."