ڕاچڵەکین سپۆرت -
کیلیان مباپێی ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید لە یارییەکەی دوێنێدا لە خولی ئیسپانیا کە یانەکەی بە ئەنجامی 4-3 بە بەرشەلۆنە لە لالیگا دۆڕا و بەڵام لە لایەکەی ترەوە بە خەڵاتێکی فەڕەنسا دڵخۆشبوو.
مباپێ خەڵاتی باشترین یاریزانی فەرەنسی لە دەرەوەی وڵات لە خەڵاتەکانی یەکێتی تۆپی پێی پیشەگەری فەرەنسا (LFP)ی بەدەستهێنا، ئەمەش بەهۆی ئەو 39 گۆڵەی لەم وەرزەدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆماریکردووە.
مباپێ چێژی لە تۆمارکردنی هاتریک بەرامبەر یانە کەتەلۆنییەکە نەبینی، چونکە یانەکەی دۆڕا و جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی بلاوگرانا بۆ حەوت خاڵ بەرزبوویەوە، ئەمەش وایکرد بارسا زۆر نزیکبێتەوە لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا.
مباپێ لە پاڵێوراوانی دیکەی خەڵاتەکە بردەوە، لەوانە جولس کوندێ (بارسێلۆنا)، مایک ماینان (میلان)، مایکل ئۆلیسێ (بایرن میونشن) و ویلیام سالیبا (ئارسناڵ).
مباپێ لە پەیامێکی ڤیدیۆیی لە ئیسپانیاوە وتی: هەمیشە بە خۆمم دەگوت کە کاندید دەبم بۆ ئەم خەڵاتە، زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە کە لەلایەن هاوڕێکانتەوە بناسرێت، هەمیشە دەبێت کاری زۆر بکەیت و خۆت بسەلمێنیت و هەوڵبدەیت بۆ بردنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە تەمەنێکی بچووکدا لە ڕوناکی میدیاکان بووم، بۆیە ئاسانە کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەم، من لە وڵاتێکدام کە لە هیچ تێناگەم، بۆیە دەبێت متمانەت بەخۆت بپارێزیت و بەردەوام بیت لە کارکردن، هەروەها دەبێت خاڵە بەهێزەکانت بەهێز بن.
مباپێ لە کۆتایی قسەکانیدا بە دانپێدانانی ڕاشکاوانە وتی: من هێرشبەرێکی زۆر باشم، بەڵام بەرگریکارێکی گەورە نیم و لە بەرگریدا خراپم.
ئەستێرە فەرەنسییەکە لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید لە سێ پاڵەوانێتی ناوخۆییدا چوار کلاسیکۆی یەکەمی دۆڕاند کە بریتین لە لالیگا و جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا.