شاندێكی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 5 دەباتە بەغداد

کوردستان

23/05/2025     ژمارەی بینراو 355


راچڵەكین-

بڕیارە شاندێكی هونەری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ خۆیاندا، لیستی مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكەن.

بڕیارە سبەینێ شەممە 24ی ئایاری 2025 شاندێكی هونەری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لیستی مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەران لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆ ئەوەی رۆژی یەكشەممە 25ی ئایار، رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكرێت و وردبینیكردن لە لیستەكە دەستپێبكات.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، رۆژی پێنجشەممە 22ی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 50 ملیار و 522 ملیۆن و 750 هەزار دیناری وەك داهاتی نانەوتی مانگی نیسان بەشێوەی كاش خستە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.

تائێستا روون نییە، پێش هاتنی جەژنی قوربان، مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداد رەوانە دەكرێت یاخود نا، هەرچەند بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەیان بەوەكردووە، پێش جەژن مووچە لەبەغداوە رەوانە دەكرێت و دابەشدەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن