تۆماركردنی ناوی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان دەستپێدەكات

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 473


راچڵەكین-

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، تۆماركردنی ناوی كارمەندانی رۆژی هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكە دەستپێدەكات.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لینكی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ بوون بە كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كارا بكات و تا رۆژی 9ی تەمووزی 2025 بەردەوام دەبێت.

كارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان بەشێوەی گرێبەستی كاتی بۆ ڕۆژانی هەڵبژاردن، دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی دادەمەزرێنێن، لەدایكبووانی 1970 تا 2006 دەتوانن داواكاری دامەزراندن پێشكەش.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆن دەڵێت، لیژنەیەك بۆ هەڵبژاردنی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان پێكهێنراوە، فەرمانبەران و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن:" دەبێت ئەو كەسەی داواكاری پێشكەش دەكات، لانیكەم بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت، هەروەها نابێت لە رابردوودا لەلایەن كۆمیسیۆنەوە هیچ سزایەك درابێت."

بەگوێرەی زانیارییەكان، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 42 هەزار كارمەندی سەر سندووق دادەمەزرێندرێن، ناوەكانیش بەشێوەی تیروپشك هەڵدەبژێردرێن.

ئەوەش لە كاتێكدایە بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن