راچڵەكین -
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت: بڕیارەكە دژی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەو قەیرانی ئابووری لێدەكەوێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4-6-2025، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راگەیەنراوێكی لەبارەی خەرجنەكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڵاوكردەوەو تێیدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوەو ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەدڵنیاییەوە بڕیارەكە زیان بە هاووڵاتیانی هەرێم دەگەیەنێت و قەیرانی ئابووریشی لێدەكەوێتەوە.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق جەختی لەوەكردووەتەوە كە بڕیاری خەرجنەكردنی مووچەی فەرمابەرانی هەرێم دژی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دەستوورە، كە مافی سەرجەم هاووڵاتیانی لەهەموو پارێزگاكان دەستەبەر كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا داواش لە حكومەتی فیدراڵی كراوە بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە، بە تایبەتی لەم كاتەدا كە لە جەژنی قوربان نزیكدەبینەوە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران راشیگەیاندووە نابێت بژێوی هاووڵاتییان و شایستەكانیان بە پرسە سیاسی و كاروبارە تەكنیكییەكان ببەسترێتەوە، دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، باشترین رێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پرسەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.