راچڵەكین -
پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، كۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان، بایكۆتكردنی دەوام رادەگەیەنن و ئۆباڵی ئەو كارەش دەخەنە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە 7-6-2025 بڵاویانكردووەتەوە، پزیشكانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەكەم و دووەمی هەولێر، سلێمانی، سۆران، كۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان، رایانگەیاندووە لەماوەی ڕابردوو هەموو ڕێگەیەكی یاسایی و مەدەنیمان گرتەبەر لەهەمبەر ئەم دۆخە كە مەترسی درووست دەكا لەسەر سیستەمی تەندرووستی كوردستان، بەڵام وەزارەتی تەندروستی نەك هیچ پلانێكی نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.
پزیشكانی خولا داوایان لە سەرۆكی حكومەتی و لایەنی پەیوەندیدار كردووە هەرچی زووە چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا بدۆزنەوە و سیستەمی تەندروستی كوردستان لە ڕوخان بپارێزن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوی پزیشكانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەكەم و دووەمی هەولێر، سلێمانی، سۆران، كۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان سەبارەت بە بایكۆتكردنی دەوام
بۆ:
ڕای گشتی
ئەنجوومەنی وەزیران
وەزارەتی تەندروستی
بەڕێوبەرایەتییە گشتییە تەندرووستییەكان
بەڕێوبەرانی سەرجەم نەخۆشخانە و فریاكەوتنەكان
بەڕێزان ماوەی شەش مانگە دۆخێكی چەقبەستوو درووستبووە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشكانی تازە دەرچوو، بەجۆرێك سەرجەم پزیشكانی ساڵی یەكەم و دووەم و سێیەم تا پزیشكانی پایە بڵند بەو هۆیەوە ماوەی شەش مانگە لەدەرەوەی ناونیشان و ئەركی پزیشكیمان خزمەتدەكەین و لە شوێنەكانی خۆمان ماوینەتەوە.
ئێمە وەكو پزیشكانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەكەم و دووەم لەماوەی ڕابردوو هەموو ڕێگەیەكی یاسایی و مەدەنیمان گرتەبەر لەهەمبەر ئەم دۆخە كە مەترسی درووست دەكا لەسەر سیستەمی تەندرووستی كوردستان، لەكۆتا هەڵوێست بەیاننامەیەكمان بە ناو و ئیمزای ١٦٠٠ پزیشك لەسەرتاسەری كوردستان لە گردبوونەوەیەك پێشكەشی لایەنی پەیوەندیدار كرد.
بەڵام وەزارەتی تەندروستی نەك هیچ پلانێكی نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، بەڵكو بەبێ حسابكردن بۆ ڕای ئێمەی پزیشك، تاك لایەنانە هەستاون بەشێواندنی سیستەمی پلەبەندی پزیشكی، بەجۆرێك كە پزیشكانی ساڵی یەكەم و دووەم ناچار دەكات دەوامی سێ خولی پزیشكی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەبێ هەڵسەنگاندنێكی ورد و حیسابكردن بۆ لێكەوتە كورتخایەن و درێژخایەنەكان، و ئەو لۆدە زۆرەی كە دەكەوێتە سەر پزیشكان.
بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە لە ڕۆژی شەممەوە ٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ كاتژمێر ٨ـی بەیانی بایكۆتی دەوامكردن لە سەرجەم فریاكەوتن و نەخۆشخانەكانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، كۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان بە هەموو بەشەكانیانەوە ڕادەگەیەنین تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان.
داواكارین لە سەرۆكی حكومەتی و لایەنی پەیوەندیدار هەرچی زووە چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا بدۆزنەوە و سیستەمی تەندرووستی كوردستان بپارێزن لە ڕوخان.
داواكارییەكانمان بریتین لە:
١- وەستاندنی سیستەمی نوێی شیفتكردن بۆ پلەبەندی.
٢- بەشێوەیەكی فەرمی كاتێك دیاریبكرێ بۆ دامەزراندنی پزیشكانی نوێ و كۆتایی هێنان بەو دۆخە چەقبەستووە بە زووترین كات.
لێرەشەوە خەڵكی كوردستان ئاگاداردەكەینەوە كە ئەو دۆخەی دروستبووە بەهیچ شێوەیەك ئێمەی پزیشكان لێی بەپرس نین، بەڵكو پێشتر هەموو بەرێوبەرایەتی نەخۆشخانەكان ئاگاداركراونەتەوە و لە ئەگەری هەر لێكەوتێكی نەخوازراو، وەزارەتی تەندروستی لێی بەرپرسە. ئێمە ماوەی چوار مانگ خزمەتكردنمان لەدەرەوەی ناونیشان و ئەركی پزیشكیمان و بەردەوامبوونمان لە خزمەتكردن لە بارودۆخی سەختی دارایی نیشانەی دڵسۆزیمانە، بەڵام گەیشتنمان بە بنبەست و بێ هیوایی لە چارەسەركردنی كێشەكان گەیاندینی بەو بڕیارە.
پزیشكانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر، سلێمانی، سۆران، كۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان
٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥