راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر مووچەی بەشێك لەو پزیشكە نیشتەجێی خولاوانەی بڕی كە بایكۆتی دەوامیان راگەیاندووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەولێر لە نووسراوێكدا كە واژۆی د. دلۆڤان محەمەد فاتیح- بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە و بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێركاری، نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری و نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری منداڵانی ناردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەنجامدانی سەردانی بەڕێوەبەری گشتی بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێركاری لە رۆژی دووەمی جەژنی قوربان، بۆ بەدواداچوون و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكان، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامی كار، بڕیاردرا بە سزادانی ئەو پزیشكانەی كە لە شوێنی خۆیان ئامادە نەبوون، به بڕینی یەك رۆژ مووچە و بەنەهاتوو هەژماركردنیان كە ژمارەیان 13 پزیشكی نیشتەجێی خولاوە.
هاوكات، لە نوسراوێكی هاوشێوەدا، پزیشكانی نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری كە ئامادە نەبوون و، ژمارەیان حەوت پزیشكی نیشتەجێی خولاوە، سەرجەمیان بەبڕینی یەك رۆژ مووچە سزادران.
لە نووسراوێكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتییەكە كە ئاراستەی نەخۆشخانە تایبەتەكانی هەولێر كراوە، هاتووە: "دوابەدوای دەوامنەكردنی بەشێك لە پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی، ئاگادارتان دەكەینەوە هەر پزیشكێكی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە كەرتی گشتی پابەندی دەوام نەبووە، نابێت لە نەخۆشخانە تایبەتەكان دەوام بكات. بە پێچەوانەوە، نەخۆشخانە بەرپرسیار دەبێت و دادەخرێت."
بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشكانی نوێ و ناڕەزایەتی لەسەر دانانی سیستمێكی نوێی شیفتكردن بۆ پلەبەندیی پزیشكان، لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لەزۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاری بایكۆتكردنیانداوە.