هەولێر ئاماری رووداوەكانی رۆژانی جەژن بڵاودەكاتەوە

کوردستان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 181

راچڵەكین -

پارێزگای هەولێر ئامارێكی تایبەت بە رۆژانی جەژنی قوربان بڵاودەكاتەوەو ئاشكرایدەكات، زیاتر لە 89 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاكەیان كردووەو لەئەنجامی چەند رووداوێكی هاتووچۆش، كەسێك گیانی لەدەستدا و 9 كەسی دیكەش بریندار بوون.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو پلانەی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان دانرابوو، بە سەركەوتوویی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێكرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە رۆژانی جەژنی قورباندا 89 هەزار و 301 گەشتیار سەردانی هەولێری پایتەختیان كردووە، بەهۆی پابەندنەبوون و ڕەچاونەكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و كوشتنەوەی ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، 15 قەساب دەستگیركراون و 27 شوێنی جۆراوجۆری خۆراك و گۆشتفرۆشیش داخراون، هاوكات چوار ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ئاژەڵیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاشكراشیكردووە، لەماوەی رۆژانی جەژندا 42 تاوان تۆماركراون، 41 تاوان ئاشكراكراوە و یەك تاوانیش لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

سەبارەت بە رووداوەكانی هاتووچۆش، لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە لەرۆژانی جەژنی قورباندا بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساكانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، 17 رووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە، لە ئەنجامدا كەسێك گیانی لەدەستداوەو 9 كەسیش بریندار بوون، هەر لەو ماوەیەدا 16حاڵەتی ئاگركەوتنەوەی جیاجیا روویانداوە، كە جگە لەزیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی پارێزگاری هەولێردا هاتووە، لەرۆژانی جەژندا شەش هەزار و 575 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە، هەر لەو ماوەیەدا 71 منداڵ لەدایكبوون و 81 نەشتەرگەریش ئەنجامدراوە.

هەر بە گوێرەی ئامارەكە، تەنها لە ڕۆژانی جەژن لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر هەزار و 461 ئاژەڵی گەورو بچووك كراوەتە قوربانی، هاوكات چوار دوكانی گۆشفرۆشتن لە گوندی گردە ڕەشە داخران و بۆ رێگریكردنیش لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون، 22 سەر مەڕ ەستیان بەسەردا گیرا و لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ژینگەپارێزیشەوە پاشماوەی هەزار و 124 تۆن ئاژەڵی قوربانی فڕێدران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن