راچڵەكین-
وەزارەتی دەرەوەی ئێران و دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا دوو وادەی جیاواز دیاری دەكەن بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانووستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی حوزەیرانی 2025 ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بڕیارە یەكشەممەی داهاتوو خولی داهاتووی دانوستانەكانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكا لە شاری مەسقەت بەڕێوە بچێت.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاندبوو، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە گەڕێكی نوێی دانووستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەچێت.
بەقایی، لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كەلەهەمان كاتدا سەرۆكی دانوستانكاری ئەو وڵاتەیە، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە گەشت بۆ نەرویج دەكات.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەڕێی وتەبێژەكەیەوە رایگەیاندبوو، تاران بەنیازە لەڕێی عومان-ەوە پێشنیارێك ئاڕاستەی ئەمریكا بكات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری سەرچاوەكانەوە بڵاویكردەوە: ئێران لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیازی ئەمریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دەخاتە ڕوو، وەڵامەكە بە نوسراو دەبێت و لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە دەگەیەنرێت.
رونیشیكردەوەتەوە: پێشبینی دەكرێت ئێران لە وەڵامەكەیدا پێشنیازێكی جێگرەوە بۆ رێككەوتنەكە بخاتەڕوو، كە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاكی ئێران، لەگەڵ گرتنبەری هەنگاوی پێویست بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی و بانگەشەكانی ئەمریكا، لە بەرامبەر هەڵگرتنی كاریگەریانەی سزاكان.