راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەڕۆژانی جەژنی قوربان 6 هەزارو 374 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستیەكانی سلێمانی- یان كردووە، زیاتر لە هەزار نەخۆش داخڵ كراون و 386 نەشتەرگەری كراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025 بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری رۆژانی جەژنی بڵاوكردەوە، تیایدا ئاماژە بەوەكراوە لەڕۆژانی جەژنی قوربان 2,748 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردوە، 688 نەخۆش داخڵ كراون، 316 نەشتەرگەری فریاكەوتن و كتوپڕكراوە و 61 نەشتەرگەری تر كراوە، هەروەها 7,715 پشكنینی تاقیگەیی و 404 سۆنەر كراوە و 113 شووشتنەوەی گورچیلە و 19 قەستەرە كراوە.
ئەوەش روونكراوەتەوە، لەڕۆژانی جەژنی قوربان 397 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری یان كردوە لە شاری سلێمانی و 84 نەخۆش داخڵ كراون و 82 منداڵ لەدایكبوون كە 52 منداڵیان كوڕ بون و 30 منداڵیان كچ بوون، لەنەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان 2,250 منداڵی نەخۆش بینراون و 244 منداڵ داخڵ كراون.
لەڕۆژانی جەژنی قوربان 650 نەخۆش لەبەشە جیاجیاكانی نەخۆشخانەی هیوا بینراون و پشكنین بۆ 431 نەخۆش كراوە و 16 تووشبووی نوێ تۆماركراوە، لەنەخۆشخانەی سوتاوی و نەشتەرگەری جوانكاری 157 نەخۆش سەردانیان كردوە و 9 نەخۆش داخڵ كراون.
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی تەندروستی سلێمانیدا هاتووە، لەڕۆژانی جەژنی قوربان، لەسەنتەری گورچیلەی دەستكرد 172 نەخۆش سەردانیان كردوە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، 10 نەخۆش لەنەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسە داخڵ كراون.