راچڵەكین-
كۆسرەت رەسول عەلی لە ساڵی 2009 دا بروای وابووە كەكێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق دەبێت لەرێی گفتوگۆو دانووستان چارەسەر بكرێن.
كۆسرەت رەسول عەلی ساڵی 2009 كە ئەو كاتە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئەهرام)ی میسری كەلەلایەن رۆژنامەنووس (محەمەد نوری) لەگەڵیدا ئەنجامدراوە، لەبارەی دۆخی كورد لەعیراق و پەیوەندیەیكانی نێوان هەولێرو بەغدا ئاماژەی بەوەكردووە:"جەختدەكەین لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانمان لەگەڵ بەغداد لەرێی گفتوگۆو دانووستان."
لەبارەی ئەوەی كورد بڕوای بە عیراقێكی یەكگرتوو نییەو هەوڵی دابەشكردنی دەدەن، كۆسرەت رەسول عەلی ئاماژەی بەوەكردووە: "ئێمە لەزەمەنی دیمكراتیداین، پابەندین بەدەستووری عیراق، ئەو دەستورە وەك گرێبەستێكی هاوسەرگیری وایە لەنێوان تەواوی عیراقییەكاند نەك تەنها لەنێوان كوردو عەرەب، بەڵكو لەنێوان كورد، عەرەب، توركمان و كلدو ئاشوری."
كۆسرەت رەسول عەلی، لەبارەی بۆچوونی بەشێك لەو كەسانەی كەئەو كاتە لەبەغداد لەدەسەڵاتدا بوون لەبارەی مافەكانی كورد روونیكردووەتەوە:" هەندێك لەو كەسانە ئێستا لەبەغداد لەدەسەڵاتدان و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكانن، ئەو كاتەی لەڕیزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقدا بوون و لە كۆنگرەی سەڵاحەدین-دا دەیانووت كەركوك كوردستانییە، بەڵام ئێستا كورد تۆمەتبارمان دەكەن بەوەی كەبانگەشەی دابەشبوونی عیراق دەكەین."