داخستنی گەرووی ھورمز و لێكەوتەكانی

ڕاپۆرت

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 349

راچڵەكین-

لەگەڵ سەرهەڵدان و دروستبوونی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل كە قۆناغێكی دیكەی نوێی ململانێی هێناوەتە ئاراوە، جارێكی دیكە گەرووی هورمز بووەتە بابەتێكی گەرمی ڕۆژەڤ و ترسی لەلای وڵاتانی هەناردەكار و هاوردەكار دروستكردووە و مەترسی هەڵاوسانی ئابووری و تێكچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان وڵاتان هەیە لە ئەگەری داخستنی گەرووەكە لەلایەن ئێرانەوە.

داخستنی گەرووی ھورمز، كۆمەڵێك لێكەوتەی سیاسیی و ئابووریی لێدەكەوێتەوە و سەردەكێشێت بۆ دەستوەردانی سەربازیی لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە ڕێككەوتننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) یان واژوو كردووە چونكە بەپێی ئەو ڕێككەوتننامەیە كە لە دەرەنجامی سێیەمین كۆنفڕانسی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵانی ١٩٧٣ تا ١٩٨٢ هاتووەتە ئاراوە. ماف و بەرپرسیارییەتی وڵاتان دیارییكراوە و تا ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی ئەو وڵاتانەی پەیوەست بوون بەو ڕێككەوتننامەیە گەیشتە ١٧٦ وڵات و بەپێی ماددەی ٣٨ لە ڕێككەوتنە، هەموو كەشتی و فڕۆكەكان مافی تێپەڕبوونیان بەم گەرووەدا هەیە و داخستنی تاكلایەنەی وڵاتێك دەبێتە هۆی پێشێلكردنی ئەم ڕێككەوتننامەیە.

ئەگەرچی لە ڕووی توانای سەربازی و جوگرافییەوە، ئێران دەتوانێت گەرووی هورمز دابخات، بەڵام گەرووەكە نێودەوڵەتییە و دەبێتە ھۆی بەزربوونەوەی نرخ و زیادبوونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای وڵاتانی ھاوردەكار بە تایبەت چین و ژاپۆن هەر بۆیە بە داخستنی گەرووی هورمز هەوڵە دیپلۆماسییەكان تا ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئێران و ئەو وڵاتانە دروست دەبێت كە پشت بە گەرووی هورمز دەبەستن بە تایبەتی سعوودیە و ئیماڕات و وڵاتانی دیكەی كەنداو.

ئێران بە چ میكانزمێك دەتوانێت گەرووی هورمز دابخات

ئەگەر ئێران هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز بدات، بێگومان لە دوو شوێنەوە دەتوانێت گەورووەكە دابخات، ئەوانیش هەریەك لە دوورگەی لاراك و دوورگەی هێنگام لە پارێزگای هورمزگان كە تەسكترین شوێنی گەرووی هورمزە لە سنووری ئێران.

دوورگەی لاراك دەكەوێتە پارێزگای هورمزگان و ٤٩ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لەمیانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق- ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨، ببووە شوێنێك بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و مووشەكیی و لە ساڵی ٢٠١٥شدا لەم شوێنەوە ئێران مانۆڕێكی بەناوی "مانۆڕی دەریایی پێغەمبەری گەورە" ئەنجامدا، دوورگەكە دەڕوانێتە ڕێگا سەرەكییەكانی كەشتیوانیی لە گەرووی هورمز، هەروەها دوورگەی هێنگام لە دوورگەی لاراك بچووكترە و ڕووبەرەكەی ٣٣ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییكردنی ڕێڕەوی كەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەكارهێنانی بەلەمی بچووك یان بەكارهێنانی مینی دەریایی، یان هەڵدانی مووشەك، ڕێگای هاتوچۆی كەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەكان بگرێت.

قۆناغی نوێی گرژییەكان لە گەرووی هورمز

لە ماوەی ڕابردوودا، ئێران چەند جارێك ھەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كردووە لە بەرامبەر گەمارۆ ئابووریی و هەڕەشە سەربازییەكان، چەند جارێك دەستبەسەرداگرتنی كەشتی بەشێوەیەكی كاتی ڕوویداوە، هاوكات هەریەك لە ئەمریكا، بەریتانیا و فەڕەنسا هێزەكانییان لە چەند شوێنێكی گەرووی هورمز جێگیركردووە و چاودێری ناوچەكە دەكەن.

هێزێكی یەكگرتووی سێنتێل (Task Force Sentinel) كە بەشێكە لە بونیادنانی ئاسایشی دەریایی نێودەوڵەتی ٢٠١٩ (IMSC) و بەرپرسیارە لە پاراستنی گەرووی ھورمز و ڕێڕەوی دەریایی. ئەم هێزە لە ھاوپەیمانییەك پێكدێت كە لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە و ١١ وڵات لەخۆدەگرێت، لەوانە ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا و چەند وڵاتێكی دیكە كە ئامانجی ھاوپەیمانییەكە بریتییە لە دابینكردنی ڕێگایەكی سەلامەت بۆ كەشتیوانی و بازرگانی و لەم چوارچێوەیەشدا هێزەكانی ئەمریكا لە بەحرێن و ناوچەی كەنداو، هەروەها هێزەكانی بەریتانیا و فەڕەنساش لە دوبەی و شاریقە جێگیركراون.

ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان تایبەت بە گەرووی هورمز

لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، چەندین ڕێككەوتنی نێوان وڵاتان واژووكراوە بە مەبەستی لێكتێگەیشتن و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بەشێوەیەكی ئاشتیانە كە گرینگترینیان، ڕێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یاسای دەریا ١٩٧٣ - ١٩٨٢ (UNCLOS) كە ڕێككەوتنێكی فرە لایەنە و ڕێگا بە كەشتی و فڕۆكەكان دەدات پێیدا تێپەڕببن و ڕێككەوتنێكی كراوەیە و ئەمریكا ساڵی ١٩٩٤ هاتووەتە ناو ڕێككەوتنەكە.

هەروەها پەیماننامەی دۆستایەتی نێوان ئێران و عومان ساڵی ١٩٧١ كە دانپێدانانی هاوكاریی هاوبەش و هەماهەنگی بوو بۆ بەكارهێنانی گەرووی هورمز بە ئاشتییانە. هاوكات ڕێككەوتننامەی سنووری دەریایی عومان و ئێران لە ساڵی ١٩٧٤ كە تێیدا عومان ڕێگا بە كەشتییە دەریاییە بیانییەكان دەدات بە سنووری عومان دا تێپەڕن لە هەر بارودۆخێكدابن.

هەروەها ئەنجوومەنی ھاریكاری كەنداو كە لە ساڵی ١٩٨١ دامەزراوە و بارەگای سەرەكی لە ڕیازی سعوودیایە و پێكدێن لە كوێت، بەحرەین، عومان، قەتەر، سعوودیە، ئیماڕات، ئەم ئەنجوومەنە هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وزە دەكەن.

جگە لەوەی زۆرجار ئێران بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان، هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كردووە بەڵام بەردەوام پێداگریی ئەوەی هەبووە و بە پێویستی زانیووە كە مۆڵەتی پێشوەختە هەبێت بۆ ئەوەی كەشتییە جەنگییە بیانییەكان بە سنووریی ئاویی ئەودا تێپەڕن و وڵاتانیش ئەمەیان بە پێشێلكردنی ڕێككەوتننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ یاسای دەریا (UNCLOS) زانیووە.

داخستنی گەرووی هورمز و كاریگەریی لە ڕووی ئابوورییەوە

گەرووی هورمز هێڵی تڕانزێتی نەوتی جیهانە و هەناردەكارانی بریتیین لە سعوودیە، عێراق، كوەیت و ئیماڕات، هەروەها هاوردەكارانیشی بریتیین لە چین، ژاپۆن، هیندستان، كۆریای باشوور و ئەورووپا كە جگە لە نەوت، ڕێڕەوێكی سەرەكی گواستنەوەی غازی شلە كە قەتەر بۆ جیهان هەناردەی دەكات و بەپێی ڕاپۆڕتە بڵاوكراوەكان، قەبارەی بازرگانیی ساڵانە لە گەرووی هورمز بریتییە لە ٦٨٥ ملیار دۆلار، بۆیە هەر هەڕەشەیەك یان داخستنی گەرووەكە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و كاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

عێراق كە وەك تاكە سەرچاوە پشتی بە نەوت بەستووە، بە داخستنی گەرووی هورمز تووشی گرفتی ھەناردەكردن دەبێت و لەم حاڵەتەدا تاكە دەرچەی ھەناردەی نەوتی عێراق بریتیی دەبێت لە بۆڕی نەوتی ھەرێم بۆ توركیا چونكە گواستنەوە و ھەناردەی نەوت لە بەندەری بەسڕە (باشووری ڕۆژهەڵاتی عێڕاق) ڕادەوەستێت و بە ناچارییەوە دەبێت نەوتی عێراق لە ڕێگای ھەرێمەوە ھەناردەی دەرەوە بكرێت بەڵام ئەمەش كۆمەڵێك گرفتی دیكەی بۆ ڕێڕەوی بۆڕییەكان هەیە بەھۆی ئەوەی بۆڕی نەوتی ھەرێمی كوردستان لە كەركووكەوە دەستپێدەكات تا پێشخابوور و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیھان درێژ دەبێتەوە.

كاردانەوەكان چی دەبێت

بە داخستنی گەرووی ھورمز لە یەكەم ھەنگاودا بازاڕەكانی بۆڕسە لە وڵاتان ڕووبەڕووی ناجێگیریی دەبنەوە و ھەڵاوسان ڕوودەدات و ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخ و، هەوڵە دیپلۆماسییەكانی وڵاتان دەستپێدەكات و پێشبینی دەكرێت ھێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە بەحرێنەوە ھەنگاو بنێن بە مەبەستی كردنەوەی ڕێڕەوەكە و بە ئەگەری زۆرەوە ھێز و ھێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنەكانی پاككردنەوەی مین ئەنجام دەدەن، ئەگەر پڕۆسەكە كەوتە حاڵەتێكی درێژخایەن، ئەوا بەپێی ڕێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یاسای دەریا، وڵاتانی كەنداو ھەوڵە دیپلۆماسییەكان و دواتریش سەربازییەكانییان چڕدەكەنەوە بۆ كردنەوەی ڕێڕەوەكە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لەگەڵ سەرھەڵدانی گرژی و شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل لە بەرەبەیانی ١٣ی حوزەیران و تا ئێستاش شەڕ و بۆردوومانەكان بۆ سەر یەكتر بەردەوامە و، وەك میدیاكان باسی لێوە دەكەن، ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھورمز دەكات كە لە ڕووی جوگرافییەوە ھەریەك لە بەندەرعەباس، بەندەری جاسك و میناب لە پارێزگای ھورمزگانی ئێران دەكەونە گەرووی ھورمزەوە بەڵام ئەمە ڕێگایەكی دەریایی ھاوبەشە و بووەتە شوێنێكی ستراتیژیی كە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بەڕێوەدەبردرێت.

گەرووی ھورمز ڕێڕەوێكی ئاوییە كەوتووەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات كە كەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و یەكێك لە گرنگترین وێستگەی تڕانزێتەكانی نەوتە لە جیھاندا و بەشێكی زۆر لە نەوتی جیھان بە گەرووی ھورمزدا تێدەپەڕێت.

درێژی گەرووەكە ٩٦ كیلۆ مەترە و سەدا ٢٠ی نەوتی جیھان بەم شوێنەدا تێپەڕ دەبن و بە گشتی ڕۆژانە نزیكەی ١٨ ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی ھورمزدا تێدەپەڕێت.

ئا/ هێمن حسێن

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن