عیراق لەسەر بۆردومانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دێتەدەنگ

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 238

راچڵەكین -

حكومەتی عیراق ئیدانەی بۆردومانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە دەكات و رایدەگەیەنێت: ئەم هەڵكشانە سەربازییە مەترسییەكی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات و سەقامگیری ناوچەكە بە شێوەیەكی جددی دەخاتە مەترسییەوە.

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 22-6-2025، بڵاویكردەوە، نیگەرانیی قووڵی حكومەتی عیراقی دەربڕی بەهۆی بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و تێیدا هاتووە "ئەم هەڵكشانە سەربازییە مەترسییەكی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات و سەقامگیری ناوچەكە بە شێوەیەكی جددی دەخاتە مەترسییەوە".

حكومەتی عیراق بەكارهێنانی هێزی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا رەتكردووەتەوەو داواش دەكات ڕێز لە سەروەریی دەوڵەتان بگیرێت و دامەزراوە گرنگەكانیان بەئامانج نەگیرێت، بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدان و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەكاردەهێنرێن.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، عیراق جەختدەكاتەوە كە چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی دیالۆگ و دیپلۆماسی بێت، هەروەها بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی مەترسیدار و ئاكامەكانیشی سنووری هەر دەوڵەتێك تێدەپەڕێنێت و كاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەكە و جیهان دەبێت.
حكومەتی عیراق جەختی لەوەشكردووەتەوە كە شەڕەكان تەنها وێرانكاریی لەدوای خۆیانەوە بەجێدەهێڵن، بەرپرسیارێتی زلهێزەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانیشە كە جیهان لە قەیرانی زیاتر بەدور بگرێت، نەك نانەوەی قەیرانەكان. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن