خاڵێكی چاودێری لەسەربازگەی تاجی
راچڵەكین-
فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، لەڕێی چەند درۆنێكی خۆكوژی بچووك، ژمارەیەك بنكەو پێگەیەكی سەربازی عیراق.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەنێوان (0215 تا 0345) لەرێی چەند درۆنێكی بچووكی خۆكوژی، هێرشكراوەتە سەر ژمارەیەك بنكەو پێگەی سەربازی عیراق.
ئەوەش روونكراوەتەوە، ئەو هێرشانە زیانی زۆریان گەیاندووە بە دوو سیستمی رادار لە سەربازگەی تاجی لەباكوری عیراق و بنكەی ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار، بەڵام هیچ زیانێكی گیانیان بەدواوە نەبووە.
سەباح نوعمان، ئاماژەی بەوەشكردووە، لەهەمان كاتدا هێزە چەكدارەكانی عیراق توانیویانە چەند درۆنێكی تر لە چوار پێگەی سەربازی بخەنە خوارەوە لەكاتێكدا بەنیازبوون ئەو پێگانە بكەنە ئامانج.
وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق جەختلەوەدەكات، سەرجەم ئەو بنكەو پێگە سەربازیانەی كراونەتە ئامانج، تەواو عیراقین و سەربازو كارمەندی هێزە ئەمنییەكانی عیراقیان تێدایە.
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئەو دەستدرێژییە، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق فەرمانیكردووە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هونەری و هەواڵگری باڵا بۆ لێكۆڵینەوەو ئاشكراكردنی ئەو لایەنەی لەپشت ئەو دەستدرێژییەوەیە.