ڕاچڵەکین سپۆرت -
ڕیال مەدرید لەم هاوینەدا سێ یاریزانی گەورەی دەستەبەر کرد، بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی جامی جیهانی یانەکان، هاندەرانی لۆس بلانکۆس بە تامەزرۆییەوە بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێکی سەرەڕم دەگەڕێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەری نوێی یانەی ڕیال مەدرید دەیەوێت هێرشبەرێک بهێنێتە ناو تیپەکەیەوە کە سیفەتەکانی جیاواز بێت لە کیلیان مباپێی ئەستێرەی فەرەنسی، بەتایبەتی دوای ململانێکانی نێوخۆی هەڵبژاردەکە لە وەرزی ڕابردوو بەهۆی نەبوونی هێرشبەرێکی کلاسیکی لە ئاستی خۆسێلۆی دێرین.
بەڵام سوپرایزەکە لە خودی خۆسێلۆوە بوو، کە پەیامێکی ڕوونی بۆ ئیدارەی ڕیال مەدرید نارد کە یانەکە پێویست ناکات بە هیچ شێوەیەک بیر لە گواستنەوەی هێرشبەرێکی نوێ بکاتەوە، ئەمەش دوای درەوشاوەیی گۆنزالۆ گارسیای لاو لە جامی جیهانی یانەکاندا.
خۆسێلۆ لە وەرزی 2023-2024 بۆ ماوەی یەک وەرز یاری بۆ یانەی ڕیال مەدرید کرد و بەشداریی لە سەرکەوتنی یانەکەی کرد لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
خۆسێلۆ، یاریزانی یانەی غەرافەی قەتەری لە لێدوانێکیدا بۆ دازن وتی: پێویستە دەستبەجێ گەڕان بەدوای هێرشبەرێکی ژمارە 9 بوەستێت، گۆنزالۆ هەموو ئەو سیفەتانەی هەیە کە پێویستمانە، خاوەنی توانایەکی جەستەیی و تەکنیکی ناوازەیە، ڕیال مەدرید پێویستی بە هیچ ناوێکی نوێ نییە تا ئەو کاتەی ئێمە ئەومان هەبێت.
گارسیای تەمەن 21 ساڵ لە پاڵەوانێتییەکەدا ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات، سێ گۆڵی تۆمارکردووە و یەک ئەسیستیشی کردووە، بەمەش دووەم گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەیە تا ئێستا، لە دوای ئەنخێل دی ماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینی، پێگەی خۆی وەک یەکێک لە بەهرەمەندە گەنجە ئومێدبەخشەکانی ئەوروپا بەهێزتر کردووە.