راچڵەكین-
فەرماندەیی هێزەكانی 70، دەنگۆی جوڵەی سەربازیی لە هەندێك ناوچەی جێناكۆك رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: "هیچ جۆرە جموجۆڵێكی سەربازی لای ئێمەوە رووی نەداوە و هەماهەنگی تەواومان لە سەركردایەتی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی عیراق هەی.
ئەمڕۆ شەممە 5ی تەمووزی 2025 راگەیاندنی هێزەكانی 70، روونكردنەوەیەكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵێكی ساختە بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "لە هەندێك تۆڕی كۆمەڵایەتی سێبەر هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە كە گوایە هەندێك كەرتی سەربازی و پێشمەرگە جوڵەی سەربازییان هەبووە لەهەندێك ناوچەی جێناكۆك، ئێمە لە فەرماندەیی هێزەكانی 70، ئەم هەواڵە بێ بنەمایە بەتەواوی رەت دەكەینەوە و بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین كەهیچ جۆرە جموجۆڵێكی سەربازی لای ئێمەوە رووی نەداوە".
راشیگەیاندووە: "كە هەماهەنگی تەواومان لە سەركردایەتی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی عیراق هەیە و لەم رۆژانەی دوایدا هەمیشە لەپەیوەندیدا بووین و كاری هاوبەشمان كردووە بۆ پوچەڵكردنەوەی هەموو مەترسی و جموجۆڵەكانی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا، دڵنیایی دەدەین كە هێزی پێشمەرگە هەمیشە چاوكراوە و ئامادەیە بۆ بەر پەرچدانەوەی پیلانی دوژمنان و تیرۆریستان، هەروەها جەماوەری گەلەكەمان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو هەواڵانە دوورن لەڕاستی و داواكارین لەسەرجەم كەناڵ و دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كە بە ویژدان و هەست كردن بە بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەواڵانەدا بكەن و زانیاری راست و دروست لەسەرچاوە پەیوەندیدارەكانەوە وەربگرن".
روونكردنەوەكەی راگەیاندنی هێزەكانی 70 لە كاتێكدایە، دوێنێ 4-7-2025، راگەیاندنی هێزەكانی 70، روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە هاككردنی پەڕەی فەرمی هێزەكانی 70 لە تۆڕی كۆمەڵاتی فەیسبوك بڵاوكردەوە و رایگەیاند : "دەستێكی رەش و دژ و ناحەز به نیشتیمان و هێزی پێشمەرگه، كە گومان دەكرێت نەیاری ناوخۆی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بێت، هەستان به هاككردن و دزەكردنە ناو پەڕەی رەسمی هێزەكانی 70 لە تۆڕی كۆمەڵاتی فەیسبوك و دەست بەسەرداگرتنی، بە ئامانجی دژایەتكردن و شاردنەوەی ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە لەماوەی رابردوودا بەدەستی هێناوە".