راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا وەڵامی وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: هەست دەكەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
وەزارەتەكە لە روونكردنەوەكەیدا كە ئەمڕۆ شەممە 5-7-2025، بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ساڵانی ڕابردوو كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.
دەقی روونكردنەوەكە:
ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لەكاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەكەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.
ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەردەست بوونە.
روونكردنەوەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، وەك وەڵامێك دێت بۆ وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، كە رایگەیاندبوو تۆمەتباركردنی دامەزراوەیەكی ئەمنیی فەرمیی عیراق لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، كارێكی ئیدانەكراو و رەتكراوەیە، لەژێر هیچ بیانووێكیشدا رێگەی پێنادرێت، بەتایبەتی كە هیچ بەڵگەیەك نییە و ئەگەر هەیە داوا دەكەین پێشكەشی لایەنە فەرمییەكانی حكومەت بكرێت.