رێنماییەكانی تایبەت بە دانانی سیستەمی سۆلار بڵاودەكرێنەوە

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 272

راچڵەكین-

لیژنەی سیستەمی سۆلار لە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رێنماییەكانی تایبەت بە دانانی سیستمەی سۆلار بۆ ماڵان بڵاودەكاتەوە.

رێنماییەكانی دانانی سیستەمی وزەی خۆر، ئەمانەن:

1- هاووڵاتی بەپێی پێویستیی خۆی سیستەمێكی سۆلار دادەنێت.
2- دوای ئیشپێكردنی سیستەمەكە و دڵنیابوون لە گێڕانەوەی كارەبای زیادە بۆ ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی (حكومی).
3- هاووڵاتی لە ناو شاری سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای ڕۆژھەڵات دەكات ئەگەر شوێنەكەی دەكەوتە ڕۆژهەڵاتی (جادەی فاملی مۆڵ بۆ جادەی كانی ئاسكان تا مەكتەبی كاژاو) یان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی ڕۆژئاوا دەكات ئەگەر شوێنەكەی دەكەوتە ڕۆژئاوای ئەو جادەیەوە، لە دەرەوەی شاریش دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردن بكەن و تۆماری بكەن.
4- پێویستە هاووڵاتی پسوولەی كارەباكەی بهێنێت لەگەڵ زانیاریی پێویست لەسەر سیستەمی سۆلارەكەی، دەتوانێت لە كۆمپانیای دامەزرێنەری سیستەمی سۆلارەكەی وەربگرێت.
5- هاووڵاتی دەچێتە لای لیژنەی سۆلار و زانیارییەكانی لێ وەردەگیرێت و فۆرمی سۆلاری بۆ تۆمار دەكرێت لە داتابەیسی سۆلار و چاپ دەكرێت.
6- هاووڵاتی (واژۆی خۆی) و (واژۆی بەشی یاسا) و (لێپرسراوی فرۆشتنی وزە) و (بەڕێوەبەری دابەشكردن) تەواو دەكات لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی.
7- هاووڵاتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی دەكات كە (دەكەوێتە خوار سلێمانی پاڵاس) و سێ واژۆی فۆرمەكە لەوێ تەواو دەكات لە بەشەكانی (وزە نوێبوەكان)، (فرۆشتنی وزە) و (پێوەری زیرەك).
8- هاووڵاتی دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبا و لەوێ دوو كۆپی لە فۆرمەكە دەگرێتەوە:-
• كۆپیەك بۆ خۆی هەڵدەگرێت
• كۆپیەك لە بەشی ئای تی (واتا بەشی كۆمپیوتەر) دادەنێت
• فۆرمە ئەسلیەكە ئەبات بۆ فرۆشتنی وزە كە لەوێ لە دۆسیەكەیدا هەڵدەگیرێت
بە تەواو كردنی ئەو هەنگاوانە هاووڵاتی ئەم كارانەی بۆ جێبەجێ دەكرێت:
• ئەو كارەبایەی لەخۆی زیاد دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕی كارەبای نیشتمانی و لەڕێگەی پێوەری زیرەكەكەیەوە تۆمار كراوە لەسەر پسوولە بۆی ئەژمار دەكرێت و لەو بڕە كارەبایە دەردەكرێت كە سەرفی كردووە و ئەنجامەكەی:-
- ئەگەر موجەب بوو دەكرێت بە پارە لەسەر پسوولە.
- ئەگەر سالب بوو و قەرزی لەسەر بوو لە قەرزەكەی كەم دەكاتەوە.
- ئەگەر سالب بوو قەرزی لەسەر نەبوو دەبێت بە باڵانس لەسەر پسووڵەكەی كۆ دەبێتەوە.
• ئەو سنوورەی بۆ ئەمپێری ڕاكێشراو دانراوە لەسەر پێوەری زیرەكەكەی لا دەبرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەپێی توانای سۆلارەكەی كارەبا بگەڕێنێتەوە بۆ تۆڕی كارەبا.
• ئەگەر سیستەمی پریپەید بێت دەكرێتەوە بە پۆستپەید.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن