راچڵەكین -
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەهەولێر لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبووەوەو لەبارەی پرسی مووچەش هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی گەیشتن بە ڕێگەچارەیەكی گونجاو بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 6-7-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەكان و گفتوگۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە لێكگەیشتن و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكان تاوتوێ كران، هەروەها دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی گەیشتن بە ڕێگەچارەیەكی گونجاو بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا. لەمبارەیەوە ئومێد و گەشبینیی خۆیان بە هەوڵەكان و بوونی نەخشەڕێگەیەك بۆ چارەسەری نیشان دا و دووپاتیان كردەوە كە چارەسەركردنی پرسەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە.
مەحمود مەشهەدانی سوپاسی ڕۆڵی ئەرێنی و هەوڵە بەردەوامەكانی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ لێكگەیشتن و لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و دۆزینەوەی هاوبەشییەكان بۆ چارەسەری، لە بەرامبەردا سەرۆكی هەرێم وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و خەمخۆری و هەوڵەكانی لەپێناو چارەسەریدا، دووپاتیكردەوە كە لە هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام دەبێت.