راچڵەكین-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكە و ڕێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادرێت بە هەر مەبەستێك بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تەمووزی 2025 وەزارەتی ناوخۆ لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:"لە ئەنجامی ناكۆكیی نێوان چەند كەسێك لە سەر كێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو كە بە داخەوە بووە هۆكاری زیانی گیانی و ماددی. بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومی و حیزبی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زوو ئەو كێشەیە سنووردار بكرێت و بە هاوكاریی خەلكی دەڤەرەكە ناوچەكە ئارام كرایەوە و رێكاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناكۆكییەكان و سزادانی سەرپێچیكاران دەستی پێ كردووە."
"داوا لە خەلكی ناوچەكەش دەكەین بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەلەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنماییەكانی ئاسایش و هاوكار بن بۆ نەهێشتنی گرژەییەكان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە. "
"ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكە و ڕێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادرێت بە هەر مەبەستێك بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیا دەكەینەوە كە كوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەكەدا دەمێنتەوە. " وەك لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە.