وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی سكاڵای یاسایی تۆمار دەكات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 173

راچڵەكین -

لە بەرامبەر تۆمەتباركردنی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە گەندەڵی، وەزارەتەكە سكاڵای یاسایی لەدژی راوێژكارێكی خانەنشینكراوی هەمان وەزارەت تۆمار دەكات و راشیدەگەیەنێت: تۆمەتەكانی رەتدەكەینەوە و ئەزموون و مێژوو شاهێدە ئێمە پەرێزمان پاكە و لە گەندەڵییەوە نەگلاوین.

دوای ئەوەی راوێژكارێكی خانەنشینكراوی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەناوی فوئاد سدیق، لە وتارێكدا هێرشێكی توندی كردە سەر وەزارەتەكە و خودی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و تۆمەتی گەندەڵی خستەپاڵی، باسی لەوەشكردبو كە دەیان بەڵگەی گەندەڵی كۆكراوەی لایەو ئامادە نەبوو وەزیرێکی گەندەڵ سوپاسی بکات، وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا سەرجەم قسەكانی ئەو راوێژكارەی رەتكردەوەو بڕیاریشیدا سكاڵای لەدژی تۆماربكات، لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا هاتووە، "ئەم كەیسە پرسێكی جدییە، بە ئەندازەی بێباكی ئەو كەسە و سانایی ئەو دامەزراوانەی بۆی بڵاودەكەنەوە، دەبێ بەرپرسیارێتی قانونی هەڵبگرن".

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕونكردنەوەیەك لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی یەوە ..

كەسێك بەناوی (فوئاد سدیق)، كە دوای جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، بە پلەی ڕاوێژكار لە وەزارەتمان خانەنشین بو، وتارێكی پڕ لە تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاست و بێ بنەمای لەسەر جەنابی وەزیرو و وەزارەت نوسیوە و چەند دامەزراوەیەكی میدیایش بۆیان بڵاوكردووەتەوە.

بۆ یەكلاكردنەوەی ڕاستیەكان پەنا دەبەینە بەر دادگا، بەڵام ڕاستیەك هەیە پێویستە پێش دادگا بیڵێین؛ ئەو كەسە دوای خانەنشین بووی داوای كرد ئوتومبێلێكی پێی بدرێت، جەنابی وەزیریش لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی و خراپ بەكارنەهێنانی دەسەڵات داواكەی ڕەتكردەوە، لەكاردانەوەی ئەو حاڵەتە ئەم ڕاوێژكارە خانەنشینە چەند جارێكە سەنگەری لە جەنابی وەزیر و وەزارەت گرتوە و دەستی گەندەڵی خۆی بە ئێمە دەسڕێت.

سەبارەت بەو بڕگەیەی كە نووسیویەتی گوایە جەنابی وەزیر چوار ئۆتۆمۆبێلیان لایەو یەكێكیانیان تەرخانكردوە بۆ كوڕەكەی، دووپاتی ئەكەینەوە كە لەم بڕگەیەدا دوو زانیاریی هەڵە هەیە كە ئەچنە خانەی تۆمەت و بووختان ئەویش ئەوەیە كە  جەنابی وەزیر تەنها دوو ئۆتۆمۆبیلیان لایە یەكێكیان تایبەت بە خودی وەزیرو ئەوی تریان تایبەتە بە پاسەوانەكان، هیج ئۆتۆمۆبێلێك تەرخان نەكراوە بە مناڵەكانی، ئەگەر ناوبراو ئەوەندە دڵنیایە لەزانیاریەكەی با بەبەڵگە  ژمارە  و جۆر و ناوی ئەو ئۆتۆمۆبیلەی بڵاو بكاتەوە.
سەبارەت بە بەشی خامەی نهێنی بەشێكی پەیڕەكراوە لەناو سیستەمی كارگێڕی و فەرمانڕەواییدا بە وڵاتە دیموكراسی و پێشكەوتووەكانیشەوە بوونی ئەم یەكەیە لەوەزارەتەكەمان لەداهێنانی وەزیر نیە پێش ئەو و دوای ئەویش  ئەو بەشە بەردەوام ئەبێت و لەهەموو ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكانیشدا هەیە، بوونی ئەو بەشە ئاماژە نیە بۆ بوونی گەندەڵی، بەڵكو گەندەڵی ئەبێت بە بەڵگە بیسەلمێنیت نەك بە داتاشینی بووختانی بێ بنەما و ناراست.

بەدەر لە داوای یاسایی، ئێمە دوو ڕیگای تریش ئەگرینەبەر بۆ ڕەتكردنەوە و ساغكردنەوەیی بووختان و زانیاریە هەڵەكانی ئەویش بانگهێشتی دەستەی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی ئەكەین، بە ناردنی لیژنەی تایبەتی خۆیان بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداجوون لەسەر ئەو بووختانانە و ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی بۆ میدیاكان و رای گشتی.

ئێمە لەكاتێكدا، تۆمەتەكانی ڕەتدەكەینەوە و ئەزمون و مێژو شاهێدە ئێمە پەرێزمان پاكە و لە گەندەڵییەوە نەگلاوین، لەهەمانكاتدا بە چەند سكاڵایەك دەرگای دادگای لێ دەگرین و داوای سەلماندن و دواتریش تا سزادان و قەرەبووكردنەوە لێی بێ دەنگ نابین.

هاوكات، ئەم كەیسە پرسێكی جدییە، بە ئەندازەی بێباكی ئەو كەسە و سانایی ئەو دامەزراوانەی بۆی بڵاودەكەنەوە، ئەبێ بەرپرسیارێتی قانونی هەڵبگرن.

نووسینگەی وەزیری 
كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
١٠ی تەموزی ٢٠٢٥

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن