راچڵەكین -
لە چەند شارێكی ئەمریكا دەیان حاخامی جوو بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دۆخی كەرتی غەززە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 30-7-2025، لە واشنتۆن-ی پایتەخت، 27 حاخامی جوو وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر گەمارۆی سەر كەرتی غەززە و برسیكردنی دانیشتووانەكەی، هەڵیانكوتایە سەر نوسینگەی سیناتۆر جۆن تیۆن، سەركردەی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران و داوایانكرد چارەسەری بەپەلە بۆ دۆخی كەرتی غەززە بدۆزرێتەوەو بارمتەكانی ئیسرائیلیش رزگار بكرێن.
بۆ كۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتییەكەش، هێزێكی پۆلیسی ئەمریكا بە زەبری هێز سەرجەم حاخامەكانی لە باڵەخانەی ئەنجومەنی پیران كردە دەرەوەو پاشان دەستگیریان كردن.
رووداوەكە دوای رۆژێك لە گردبوونەوە ناڕەزاییەكەی نیویۆرك دێت، كە چەندین حاخامی جوو لەبەردەم كونسوڵخانەی ئیسرائیل لەو شارە ئەنجامیاندا و تێیدا داوایانكرد كۆتایی بە نەهامەتییەكانی دانیشتووانی كەرتی غەززە بهێندرێت و كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی بەپەلەیان بۆ رەوانە بكرێت.
گردبوونەوەكە توندوتیژی لێكەتەوەو بەهۆیەوە پۆلیسی نیویۆرك ژمارەیەك حاخامی دەستگیركرد و دوای چەند كاتژمێرێك لێكۆڵینەوە، ئازاد كران.
ناڕەزایەتیی جووەكانی ئەمریكا دژ بە دۆخی كەرتی غەززە، كە زۆربەیان دژی حكومەتی ئیسرائیلن، ماوەی دوو مانگە بەردەوامە، سەرەتای ناڕەزایەتییەكانیش بە نادرنی پەیامێكی كراوە بوو بۆ حكومەتی تەلئەڤیڤ، كە زیاتر لە 24 هەزار جووی ئەمریكی واژۆیان لەسەری كردبوو، تێیدا داوایانكردبوو برسیكردنی خەڵكی غەززە وەك چەكێك بەكارنەهێنێت و كێشەكانیش لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكات.