راچڵەكین-
بڕیارە ئەمشەو هەیینی 15ی ئابی 2025 هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكاو ڤلادیمێر پوتن-ی هاوتا رووسییەكەی لەویلایەتی ئالاسكا یەكەم دیداریان لەبارەی جەنگی رووسیا- ئۆكرایناو هەوڵەكان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست ئەنجامدەدەن.
هێندەی دیدارو دەرئەنجامەكەی بۆ رای گشتی و جیهان گرنگە، هێندەی ئەوە، شوێنی دیدارەكە كە ویلایەتی ئالاسكایە گرنگی و بایەخی مێژوویی خۆی هەیە.
چاوەڕێ دەكرێت دیدارەكە لە بنكەی ئیلماندرۆف ریچاردسن سەربازیی ئەنجامبدرێت كە بنكەیەكی هاوبەشی هێزی ئاسمانی و سوپای ئەمریكایەلە شاری ئەنكۆرجی ویلایەتی ئەلاسكا.ئەو شارە حەوت هەزار و 17 كیلۆمەتر لە مۆسكۆو، پێنج هەزارو 421 كیلۆمەتر لە واشنتۆنەوە دوورە. ئالاسكا دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای كەنەدا، گەرووی بێرنگ-یش لە خاكی رووسیای جیادەكاتەوە.
ئەمریكا چۆن ئالاسكای كڕی؟
ویلایەتی ئالاسكا گەورەترین ویلایەتی ئەمریكایە، رووبەرەكەی زیاترە لە 1.5 ملیۆن مەترچوارگۆشەو نزیكەی 733 هەزار تیایدا دەژین.
ویلایەتی ئالاسكا لەبنەڕەتدا سەر بە رووسیا بووە، لە 30ی ئاداری ساڵی 1867ی زایینی لەلایەن رووسیای قەیسەری بەبڕی 7.2 ملیۆن دۆلار فرۆشرا بە ئەمریكا، دوای دانووستانی نێوان ویلیام سیوارد- وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو ئیدوارد دی ستویكل-ی باڵیۆزی رووسیا لە ئەمریكا.
گرێبەستی كڕینی ویلایەتی ئالاسكا
رۆژی 9ی نیسانی 1867 ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا رەزامەندی لەسەر گرێبەستی كڕینی ئالاسكا نیشاندا، رۆژی 28ی ئایاری هەمان ساڵ لەلایەن ئەندرۆ جۆنسۆن-ی سەرۆكی ئەمریكا واژووكرا. لە ساڵی 1959 وەك 49 هەمین ویلایەتی ئەمریكا بە فەرمی ناسێنرا.
بایەخی ئالاسكا چییە؟
هەرچەندە سەرەتا ئەمریكییەكان گرێبەستی كڕینی ئالاسكا-یان بە " گرێبەستە گەمژانەكەی سیوارد" ناو دەبرد، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كات گرنگی ئەو ویلایەتە وردە وردە سەریهەڵدا بەتایبەت لەبوونی بڕێكی زۆر سامانی سروشتی وەك ئاڵتون، زیو، زینك، هەروەك نیوەی یەدەگی ئەمریكا لە خەڵوز لەم ویلایەتەدایە.
نەخشەی ئالاسكا
ساڵی 1968 وەرچەرخانێكی ئابووری لەئەمریكا روویدا كاتێك نەوت لەم ویلایەتە دۆزرایەوە، داهاتی ئەم ویلایەتە لەسامانی سروشتی هێندە زۆربوو لەساڵی 1980 دا جای هامۆند-ی حاكمی ئەو ویلایەتە واژوو لەسەر پرۆژە یاسایەك كرد بۆ دامەزراندنی سندوقێكی هەمیشەیی لە ئالاسكا بەمەبەستی دابەشكردنی داهاتی ویلایەتەكە بەسەر دانیشتووانەكەیدا، یەكەم گوژمەش لەساڵی 1982 دا دابەشكرا كە بۆ هەر هاوڵاتییەك بڕی هەزار دۆلار بوو.