ڕاچڵەکین سپۆرت -
جۆ گۆمێز بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول و ئینگلتەرا کراوەیە بەڕووی بیرۆکەی پەیوەندیکردن بە میلان بەر لە داخستنی دەرگای گواستنەوەی هاوینە.
بڕیارە میلان لە کۆتا ڕۆژی گواستنەوەی یاریزانان چالاک بێت، بەتایبەتی ئەلێکس خیمینێز نزیکە لە پەیوەندیکردن بە بۆرنمۆس و یونس موساش بۆ ئاتالانتا.
میلان سەبارەت بە گواستنەوەی مانوێل ئاکانجی ڕەتکردنەوەیەکی لەلایەن مان سیتی وەرگرتبوو، ئەمەش وایکرد گۆمێز لە لیڤەرپوول ببکاتە ئامانج.
بەپێی نوێکارییەکانی جیانلۆکا دی مارزیۆ، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی سکای سپۆرتی ئیتاڵیا، گۆمێز کراوەیی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە میلانۆ دەربڕیوە، بەڵام دانوستانەکان بە چەند هۆکارێک ئاسان نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، میلان پێویستە لەسەر گواستنەوە یاریزانەکە لەگەڵ لیڤەرپوول ڕێکبکەوێت پێش ئەوەی بە مەرجی کەسی بەرەو پێشەوە بچێت.
بەرگریکارەکەی ئینگلتەرا کە 15 یاری بۆ هەڵبژاردەکەی کردووە، لە ئێستادا گرێبەستەکەی نزیکەی 4 ملیۆن یۆرۆیە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا فابریزیۆ ڕۆمانۆ شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دووپاتی کردەوە کە میلان بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ئۆفەرێکی فەرمی بۆ لیڤەرپوول ناردووە بۆ ئەوەی گۆمێز بگوازێتەوە ڕیزەکانی.