جارێكی تر هەرێم شاند رەوانەی بەغداد دەكاتەوە

کوردستان

03/09/2025     ژمارەی بینراو 282

راچڵەكین-

شاندی تەكنیكی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتی نانەوتی و مووچەی مانگی حەوت دەچنەوە بەغدا.

بڕیارە ئێوارەی ەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلولی 2025 شاندی تەكنیكی هەرێمی كوردستان، بۆ پرسی داهاتی نانەوتی و مووچە و شایستە داراییەكانی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكەن.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا شاندێكی تری هەرێمی كوردستان تایبەت بە پرسی هەناردەی نەوت سەردانی بەغدادیان كردو لەگەڵ بەرپرسانی وەزەتی نەوتی عیراق كۆبوونەوە، بەڵام بەبێ هیچ رێكەوتنێكی بەرچاو ئێوارەی دوینێ گەڕانەوە هەولێر.

بەگوێرەی زانیارییەكان، حكومەتی هەرێم داوا دەكات بۆ گواستنەوەی هەر بەرمیلە نەوتێك لە كێڵگە نەوتییەكانەوە بۆ بۆریەكانی بەندەری جەیهان، بڕی یەك تا سێ دۆلار دیاریی بكرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بدات. وەك میدیای نزیك لەپارتی بڵاویكردووەتەوە.

هاوكات شاندی حكومەتی هەرێم، داواكاری كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمیان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ گەیاندووە، كە تێیدا كۆمپانیاكان داوای ڕێككەوتنێك دەكەن، هاوشێوەی گرێبەست دڵنیایی بدات لە پێدانی 16 دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێك بە بەردەوامی، ئەو داوایەش لەلایەن بەغداد رەتكراوەتەوە.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن