نزیكەی 5 ملیۆن هاوڵاتی هەرێم پسووڵەی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕكردووەتەوە

کوردستان

03/09/2025     ژمارەی بینراو 267

راچڵەكین-

بەڕ‌‌ێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات، نزیكەی 5 ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی كوردستان پسووڵەی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕكردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلولی 2025 ئاراس محەمەد، بەڕ‌‌ێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی بەمیدیای فەرمی یەكێتی راگەیاند:" تا ئێستا 86٪ی هاووڵاتیان لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێم فۆڕمی خۆراكەكانیان كردووە بە ئەلكترۆنی كە دەكاتە 4 ملیۆن و 652 هەزار و 283 كەس."

وتیشی:" لەژمارەیە ملیۆنێك و 741 هەزار و 907 كەسیان لەپارێزگای هەولێرن كە دەكاتە 88٪ و ملیۆنێك و 704 هەزار و 828 كەسیان لە لەپارێزگای سلێمانین كە دەكاتە 87٪ و ملیۆنێك 102هەزار و 774 كەسیان لە پارێزگای دهۆكن كە دەكاتە 83٪ و 102هەزار و 774 كەسیان لە پارێزگای هەڵەبجەن كە دەكاتە 89٪ كەس."

بەڕ‌‌ێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی روونیكردەوە:" ئەو هاووڵاتییانەی پرۆسەكەیان ئەنجامنەداوە و خۆیان تۆمارنەكردووە، بەشەخۆراكەكانیان دەبڕدرێت، بەڵام لە كاتی چالاككردنەوەی بەرنامەكەدا دەتوانن خۆیان تۆماربكەن، ئەوەش بە مەرج دەبێت و قەرەبووی بەشەخۆراكە فەوتاوەكانیشیان ناكرێتەوە."

ئاراس محەمەد، ئاماژەی بەوەدا:" لەكاتی چالاككردنەوەی بەرنامەكەدا، پێویستە هاووڵاتیان بە پارە فۆڕمەكانیان پڕ بكەنەوە، كە بۆ هەر هاووڵاتییەك 10 هەزارە و بڕی هەزار دیناری زیادەشی خراوەتە سەر بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە و خوێندنگە، بەمەش بڕی پارەكە دەبێت بە 11 هەزار دینار و لەڕێگەی كارتی بانكییەوە دەدرێت."

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن