مەكتەبی سیاسی یەكێتیی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

02/10/2025     ژمارەی بینراو 636

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافل جەلال تاڵەبانی، بە پێداگری لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە ناونیشیاندا، پرسی مووچە، ئەو سیاسەتە حەكیمانەیەی سەرۆك مام جەلال دووپات و پەیڕەو دەكاتەوە كە كەلتورێكی كەڵەگەتە لە خزمەتی هەموو سیاسەتی كوردستانیی و عیراقی.

لە بەشێكی دیكەی ئەو پەیامەدا كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختی لەوەكردووەتەوە كە لەم یادەدا رژدین لەسەر ئەولەویەتی مووچە و ژیانی خەڵكەكەی خۆمان بۆ ئەوەی لە پێگەی ژیان و گوزەرانێكی جێگیر و باشترەوە گەلەكەمان بۆ ئەركەكانی تری خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شایستە دەستوورییەكانی تر، بە ماددەی ١٤٠ی دەستوریشەوە، ساز بدەین.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەكتەبی سیاسی
بۆ هەشتەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال

هەشت ساڵ لەمەوبەر، كوردستان، ڕابەرێكی مەزن و مێژوویی ، تێكۆشەر و پێشمەرگەی زیاتر لە شەست ساڵ خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستانی و ..عیراقی دیموكرات و فیدرالیش یەكەمین سەركۆماری هەڵبژێردراوی لە دەست دا و بەرەو دوا مەنزڵی نەمریی بەرێكرد.

كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سەرتاسەری كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دونیای دیموكرات و ئاشتیخوازانی جیهانی خەمبار و نیگەران كرد.

سەرۆك مام جەلال مێژووییەكی پرشنگداری بۆ گەلی كوردستان، بۆ خەباتی دیموكراتی و مافخوازی و دادپەروەری لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار كرد كە هەر لە نەوجەوانی و لاوێتییەوە تا دوا ماڵئاوایی یەكجارەكی، بێوچان خەباتی هەمەلایەنەی فیكری، رێكخراوەیی، سیاسیی، جەماوەری و پێشمەرگایەتی بەرپاكرد بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و پیادەكردنی بژاردەی فیدراڵی، دیموكراسی، دادپەروەری و پێكەوە ژیان لە عێراقی فرە پێكهاتەدا.

لە تێكۆشانی شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتیدا، مام جەلال نموونەی گەورە و باڵای ڕابەری كۆڵنەدەر ، وردبین، ورەبەرز و پتەو بوو، خاوەنی ئەزموونێكی قووڵی رێبەرایەتی شۆڕشی درێژخایەن بوو، لەو تۆمارە سەربەرزەدا، بە نووسین و ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی كوردایەتی و بە رێكخستن و سازدان و رێبەرایەتی دەستەجەمعی قەت درێغی نەكرد، وەك باوەڕ بوون بە شێوازی خەباتی هەمەلایەنەی سیاسی فرە رەهەندیش توانایەكی بێ وێنەی لە دانوستاندنی سیاسیی و دیبلۆماسیدا هەبوو كە پەیتا پەیتا رەوایی مەسەلەی كوردی لە دونیا جێگیرتر دەكرد.

لەمەشدا وێستگەكانی خەباتەكەی، بە تایبەتی لە هەڵگیرسانی شۆرشی نوێی گەلەكەمان بەرابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. لە نەبەردی و قوربانیدان و بەرەنگاری ئاڵۆزی و تەنگژەكان سەلمێنەرێكی بەرجەستەی ئەم ڕاستیانەیە، لە كاتی دژواری بەرەنگاربوونەوەی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفالدا كە بەسەر گەلەكەماندا هات، سەرۆك مام جەلال لە بەرنامەڕێژی بۆ ئەگەرەكانی گۆڕانكاری لە ناوچەكە و ئاراِستەكردنی ڕاپەرینی ئاداری ١٩٩١دا رۆڵێكی بەرچاوی رێبەری و پێشبینی داهاتووی هەبوو.

لەپاش راپەڕین ولە قۆناغی خەباتی مەدەنی و دیپلۆماتیشدا ، وێنەی مام جەلال لە مێژووی كوردایەتی هاوچەرخ و هەتا خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچەكەشدا درەوشاوە و دەگمەنە. پەیوەندییەكانی لە ئاستی حكومەت و میللەتانی ڕۆژهەڵات و دونیای عەرەبی و ڕۆژئاوادا ، بناغەی پتەوی ئەو دەستكەوتە دیپلۆماتیانە بوون كە ڕەسەنایەتی بوونی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەكردەوە.

تێكۆشانی درێژ مەودای تەمەنی پڕ بەرەكەتی مام جەلال هەمیشە لەسەر دینگەی پتەوی دیموكراتیزەكردنی وڵات و مسۆگەركردنی ویستە نەتەوەییەكانی گەلی كورد بیناكرابوو، بۆیە سەرەنجام هەر ئەو نەخشە ڕێگا دیموكراتییە فرەییە سەركەوت كە نەخشە ڕێگای عێراقێكی دیموكرات و فیدڕاڵیی بوو.

لە دوا وێستگەی ژیانی سیاسیشیدا وەكو سەركۆمار، لە پێگەی پارێزەری دەستوورەوە، لە پێناوی نزیك كردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان و چەسپاندنی سازان و تەبایی نێوانیاندا هەمیشە خاڵی كۆكەرەو و ڕاگرتنی هاوسەنگی بوو،هەر بۆیە بە (صەمام امان)ی عێراق ناوزەد كرا.

لە سیاسەتی جیهانیشدا مام جەلال وەك فیگەرێكی دیاری سۆشیالیست دیموكرات، بە ناونیشانی جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی سۆشیال ئینتەرناسیونال بەشدارێكی كارابوو لە خولیای چارەسەری پرسەكانی دیموكراتی، عەدالەت و یەكسانی ، ژینگەپارێزی و دیالۆگ و ئاشتی جیهانییدا.

ئەمڕۆش یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی، بە پێداگری لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە ناونیشیاندا، پرسی مووچە ، ئەو سیاسەتە حەكیمانەیەی سەرۆك مام جەلال دووپات و پەیڕەو دەكاتەوە كە كەلتورێكی كەڵەگەتە لە خزمەتی هەموو سیاسەتی كوردستانیی و عیراقی.

ئەمڕۆ بە رەچاوكردنی پێدراوە تازەكانی وڵات و ناوچەكەش كە روومان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، هەموو هەوڵمان بە ئاراستەی ڕاستكردنەوەی رێرەوی حوكمڕانی و چاكسازی ژیرانە كە ئەزموونەكەمان بپارێزێ و پەرەپێبدات.

هەر لەم یادەشدا رژدین لەسەر ئەولەویەتی مووچە و ژیانی خەڵكەكەی خۆمان بۆ ئەوەی لە پێگەی ژیان و گوزەرانێكی جێگیر و باشترەوە گەلەكەمان بۆ ئەركەكانی تری خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شایستە دەستوورییەكانی تر، بە ماددەی ١٤٠ی دەستوریشەوە، ساز بدەین.

لە كۆتاییدا
سڵاو لە ڕۆحی پاكی ڕابەر و سەرۆكی مێژووییمان مام جەلال
نەمری بۆ هەموو شەهیدانی یەكێتی و گەلی كوردستان

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن