راچڵەكین -
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، لە پەیامێكدا داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكات بانگەشەیەكی شارستانی بەڕێوەببەن و نەبێتە هۆی گرژی و دابەشكردن و بێزاركردنی كۆمەڵگە و تێكدانی ئارامیی هاووڵاتییان.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەكەیدا كە ئەمشەو بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبێ بزانن كە بە یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەیی، دەتوانن خزمەتی باشتری ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن و ماف و دەستكەوت و بەرژەوەندییەكانی بپارێزن، بۆیە نابێ لە بانگەشەدا كارێكی وا بەرانبەر بە یەكتر بكەن كە سبەی نەتوانن پێكەوە كار بكەن.
دەقی پەیامەكە:
هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان، هێز و لایەنە سیاسییەكان
سبەی كە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵە، داوا لە هەموو لایەك دەكەم پابەندی ڕێنمایییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بن. بانگەشەیەكی شارستانی بەڕێوە ببەن كە ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و فرەڕەنگیی پێكهاتەكانی كوردستان بێت و نەبێتە هۆی گرژی و دابەشكردن و بێزاركردنی كۆمەڵگه و تێكدانی ئارامیی هاووڵاتییان.
هەمووان با ئازاد بن لە بانگەشەكردن بۆ سیاسەت و ئاراستە و كارنامەكەیان، بەڵام نابێت هیچ كەس و لایەنێك ڕق و كینە بڵاوبكاتەوە. خەڵكی كوردستان دەبێ وەك كۆمەڵگەیەكی مەدەنی، ململانێیەكی شارستانی لەم پرۆسەیەدا بەڕێوە ببات. كاندیدبوونی ئافرەت زۆر گرنگ و بایەخدارە، دەبێ ناو و پێگه و ڕێزی پارێزراو بێت، هەروەها دەبێ ڕێز لە هێما و پیرۆزییەكانی هەموو پێكهاتەكان بگیرێت، هێزە ئەمنییەكانیش پیشەیییانە و بێ جیاوازی ئەركی خۆیان لە پاراستنی هەمووان جێبەجێ بكەن.
دواجار هەموو ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانەوە دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، ئامانجیان خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و عێراقە، دەبێ بزانن كە بە یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەیی، دەتوانن خزمەتی باشتری ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن و ماف و دەستكەوت و بەرژەوەندییەكانی بپارێزن. بۆیە نابێ لە بانگەشەدا كارێكی وا بەرانبەر بە یەكتر بكەن كە سبەی نەتوانن پێكەوە كار بكەن.
هیوای بانگەشەیەكی ئارام و سەركەوتوو بۆ هەموو لایەك و سەقامگیری و سەرفرازی و پێشكەوتنی بەردەوام بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دەخوازم.