ڕاچڵەکین سپۆرت -
فێدریکۆ ڤالڤێردی یاریزانی ئۆرۆگوایی و ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ڕیال مەدرید هۆکاری شکستی لۆس بلانکۆس بەرامبەر لیڤەرپوول ئاشکرا دەکات.
دوێنێ سێشەممە لە گەڕی چوارەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای ئەنفێڵد، یانەی ڕیال مەدرید بە ئەنجامی 1-0 بە یانەی لیڤەرپوول دۆڕا.
ڤاڵڤێردی دوای یارییەکە بە ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ڕاگەیاند، ئێمە هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی هەوڵبدەین و سەرکەوتن بەدەستبهێنین، یاریگایەکی زۆر قورسە، ئەوان فشارێکی زۆریان خستە سەرمان، ئێمە هەلمان هەبوو، ئەوانیش هەروا، ئێمەش بەهۆی تۆپی وەستاوەوە سێ خاڵمان لەدەستدا.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕیدز سێ یان چوار لێدانی سەری لەسەریەکی هەبوو، بەڵام پێویست بوو لەوان بەهێزتر بین و بە بوێری و ئیرادەیەکی زیاترەوە بەرگری بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە گورزێکی پڕ لە ئازارە بۆ ئێمە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە بچینە پێشەوە، هەروەک چۆن دوای شکستەکەی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید کردمان.
لە کۆتاییدا وتی: ئێمە بەهۆی هەلێکەوە سێ خاڵمان لەدەستدا، کە پێویست بوو باشتر بەرگری لێبکەین، دەبێت بە بوێری زیاتر و ئارەزووی زیاتر بەرگری بکەین.