وەزارەتی دارایی عیراق لەبارەی دامەزراندنەوە روونكردنەوە دەدات

عێراق

19 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 233

راچڵەكین -

وەزارەتی دارایی عیراق روونكردنەوە لەبارەی ئەو زانیاریانە دەدات كە باس لە كردنەوەی دەرگای دامەزراندن دەكات و رایدەگەیەنێت: هیچ دامەزراندنێك لە دەرەوەی یاسای بودجەی گشتی ناكرێت.

وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ هەینی 7-11-2025 بڵاویكردووەتەوە، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەند كەناڵێكی راگەیاندانەوە بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە دامەزراندن و رایگەیاندووە، هیچ دەسەڵاتێك نییە بۆ دامەزراندن یاخود زیادكردنی ژمارەی پلەی وەزیفی لە دەرەوەی یاسای بودجەی گشتی.

وەزارەتی دارایی عیراق روونیكردووەتەوە هیچ لایەنێكی حكومی دەسەڵاتی دامەزراندن یاخود گرێبەستكردنی نییە، جگە لەو 150 هەزار پلە وەزیفییەی كە لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 بڕیاری لێدراوەو بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكراوە، دامەزراندنی ئەم ژمارە پلە وەزیفییەش كۆتایی هاتووە.

روونكردنەوەكە لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك دێت لە چەند كەناڵێكی میدیایی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بە كردنەوەی دەرگای دامەزراندن لە چەند فەرمانگەیەكی حكومی، وەزارەتی دارایی عیراق داواشی لە هاووڵاتیان و كەناڵەكانی راگەیاندن كردووە، زانیاری راست و درست لە سەرچاوە فەرمییەكان وەربگرن و بەدوای هەواڵی ناڕاست نەكەون، كە ئامانج لێی چەواشەكردنی رای گشتییە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن