وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
هێزە ئەمنییەكانی توركیا لە چەند هەڵمەتێكدا دەیان كۆچبەری بیانی دەستگیر دەكات، كە بەشێوەیەكی نایاسایی هاتبوونە خاكی ئەو وڵاتە و دەیانویست بەرەو ئەوروپا كۆچ بكەن.
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی 7-11-2025، هێزە ئەمنییەكان لە هەڵمەتێكدا 13 هاووڵاتییان لە پارێزگای ساكاریا لە باكووری رۆژئاوای توركیا دەستگیركرد، كە 12 كەسیان خەڵكی ئەفغانستانن، لەگەڵ تۆمەتبارێكی تر كە قاچاخچییە و دەیویست ئەو كەسانە بەشێوەیەكی نایاسایی بەرەو ئەوروپا ببات.
كۆچبەرەكان لەناو بارهەڵگرێكدا خۆیان حەشاردابوو، لەكاتی تێپەڕبوونیاندا بە رێگایەكی گشتی، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركران و بڕیاریشە دوای گرتنەبەری رێكاری یاسایی، سەرجەمیان دیپۆرتی وڵاتەكەیان بكرێتەوە.
لەچەند رۆژی رابردووشدا هێزەكانی پاسەوانی كەناراوەكان لەچەند هەڵمەتێكدا لە كەناراوەكانی سنووری پارێزگای ئیزمیری رۆژئاوای توركیا، زیاتر لە 120 كۆچبەریان دەستگیركرد كە خەڵكی چەند وڵاتێك بوون و دەیانویست لەڕێگەی دەریاوە بەشێوەیەكی نایاسایی بەرەو ئەوروپا كۆچ بكەن.