زێدان: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 11/11 پیشێلكاری دەستوورە

عێراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 211

راچڵەكین-

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق دەڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 پێشێلكاری زەقی دەستوورە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025 فایەق زێدان لەووتارێكدا بڵاویكردووەتەوە، لەماددەی 56ی دەستووری عیراق بڕگەی 2 دا هاتووە، پێویستە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێی نوێنەرانی عیراق 45 رۆژ پێش كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمانی ئێستا ئەنجامبدرێـت، ئەگەر بێتو سەیری ئەم خولەی پەرلەمان بكەین دەبینین لە 9ی كانونی دووەمی 2022 دەستبەكاربووەو بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت، بەگوێرەی ماددەی 56 بڕگەی 1 وادەی دەستووری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان پێویستە رۆژی 24ی كانوونی دووەمی 2025 بێت، هەر لەبەرئەوە دیاریكردنی 11ی تشرینی دووەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێشێلكردنێكی زەقی دەستوورە، لەبەرئەوەی پشتی نەبەستووە بەهیچ ماددەیەكی دەستووری و یاسایی. 

زێدان، دەڵێت :" بە پشتبەستن بە وادە دەستورییەكان، كۆی ئەو كاتەی كە پێویستە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ درێژدەبێتەوە بۆ نزیكەی چوار مانگ لە بەرواری راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە، بەڵام داڕێژەرانی دەستور لە هەموو ئەم بڕگانەدا دەستەواژەی "لەماوەی"یان بەكارهێناوە،  ئەم دەستەواژەیە زۆرترین ماوەی كات دیاری دەكات و پایەندنییە بە چاوەڕوانی تا كۆتایهاتنی، بەم شێوەیە رێگە بە نەرمییەكی بەرچاو دەدات بۆ كورتكردنەوەی ئەم ماوانەی هەركاتێك ئیرادەی سیاسی هەبوو."

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق روونیكردووەتەوە: دەتوانرێت ماوەی چوار مانگی پێكهێنانی حكومەت بە شێوەیەكی بەرچاو كەم بكرێتەوە ئەگەر یەكەم رۆژی هەر قۆناغێكی دەستوری سودی لێوەربگیرێت، نەك چاوەڕێ بكرێت تا كۆتایی زۆرترین وادە، بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكەم رۆژی دانیشتنەكەداو هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆككۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران لە رۆژانی سەرەتاییدا، زامنی ئەوە  دەكات پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە سەرەتای مانگی یەكی ساڵی ٢٠٢٦بێت  لەبری مانگی ئازاری هەمان ساڵ."

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن