ئامادەكارییەكان بۆ حەجی 2026 دەستپێدەكات

کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 156

راچڵەكین-

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی - بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان، ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی حەجی 2026 دەستپێدەكەن.

بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ پرۆسەی حەجی ٢٠٢٦ ، رۆژی پێنجشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2025 دەست بە تاقیكردنەوەی مورشیدی ئایینی دەكات و تاقیكردنەوەكەش لەسەر هەردوو كتێبی (كتاب الحج ) منهاج النووی و (كتاب الحج ) فقه المنهجی دەبێت.

ئەوەش روونكراوەتەوە، لیژنەیەكی پسپۆر و شارەزا راسپێردراون بۆ سەرپەرشتیكردنی تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی مامۆستایانی ئایینی بۆ مورشیدی حەجی ساڵی ٢٠٢٦ و تاقیكردنەوەی هەموو مامۆستایان لەیەك كاتدا ئەنجام دەدرێت و پرسیارەكانیش بۆ هەموو مامۆستایانی بەشداربوو لە هەموو هەرێمی كوردستان یەك پرسیارە و هیچ جیاوازییەك نییە لەیەك كاتیشدا تاقیكردنەوەكە دەست پێدەكات و كۆتایی پێدێت.

بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان روونیكردووەتەوە، تاقیكردنەوەكە لە كاتژمێر 9:00 بەیانی رۆژی پێنجشەممە لە هەرسێ شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئەنجام دەدرێت بەجۆرێك مامۆستایانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە مزگەوتی ( سەواف )،لە پارێزگای هەولێر تاقیكردنەوە دەكەن كە ژمارەیان ١٥٠ مامۆستایە و مامۆستایانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین لە مزگەوتی   (مامۆستا عبدالكریم مودەرس ) لە شاری سلێمانی تاقیكردنەوە دەكەن و مامۆستایانی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە مزگەوتی (جودی) لە شاری دهۆك تاقیكردنەوە دەكەن.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٤٠٠ مامۆستای ئایینی بە سیستمی ئەلیكترۆنی داواكاری بوون بە مورشیدی ئایینی بۆ پرۆسەی حەجی ٢٠٢٦ پێشكەش كردووە و بڕیارە، لەڕێی تاقیكردنەوە، مامۆستایانی سەركەوتوو هەڵبژێردرین و هەر مامۆستایەك كۆنمرەی 75% بهێنێت چانسی دەبێت كە وەكو مورشیدی ئایینی حەج بكات و كەمتر لەو كۆنمرەیە بە هیچ شێوەیەك بەشدار نابێت لە كێبڕكێ مورشیدی حەجی ٢٠٢٦.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن